پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کرد
ئەمڕۆ 2020.2.4 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا بەئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار، پێشوازی لە بەڕێز محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لەدیدارەکەدا سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەست بەکار بوونی د.فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری هەولێر هیوای سەرکەوتنی لەکارەکان بۆخواست و وتی: "شاری هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و گرنگی خۆی هەیە، پارێزگاریش لەپێش هەموو کارەکانە، ئومێدی سەرکەوتنت بۆ دەخوازین لەکارەکانی داهاتوودا و ئێمەش پاڵپشت و هاوکاری ئێوەین، ئەوەی پێمانبکرێ پشتیوانت دەبین، گرنگە هەموومان بەیەکەوە هاوکاری یەکتر بکەین و ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هاتوون پەرەی پێبدەین و بیپارێزین". پاشان لەدرێژەی دیدارەکەدا باس لەبارودۆخی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی کرا و تیشک خرایە سەر زەرورەتی یەک ڕیزی و تەبایی لایەنەکان بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی چەندین ساڵەی گەلی کوردستان بەدەستهاتوون.
پارێزگاری هەولێر لەلایەن خۆیەوە وێڕای دووبارە بەگەرمی بەخێرهێنانی محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری گشتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری، ڕایگەیاند: "سەربەرز و خۆشحاڵین بەهاتنی جەنابتان، ئێمە بەڕێزتان بەرلەوەی سکرتێری حزبێک بن لەکوردستان، وەک کەسێکی تێکۆشەر و نیشتیمان پەروەر و نەتەوەیی بە هی خۆمانت دەزانین و مایەی شانازی بۆ هەموو لایەکمان، هیوادارین ئەو پەیوەندییە لە نێوانماندا هەبووە پەرەی زیاتری پێبدرێ، وەک پارێزگای هەولێریش هەرچی لە تواناماندابێت بۆ هاوکاری و هەماهەنگی نێوانمان درێغی لێناکەین.