پارێزگاری هەولێر چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ناحییەی دیبەگە کردەوە

پارێزگاری هەولێر چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە ناحییەی دیبەگە کردەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە 2020.2.11 بەمەبەستی کردنەوەی بەشێک لە پڕۆژەکانی ناوچەکە، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندێک کە پێکهاتبوو لە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر و قایمقامی قەزای مەخمور و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر و نوێنەری کۆمپانیای کار، ناحییەی دیبەگەی بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێوەبەری ناحییە و بەرپرسانی دیکەی ئیداری و حکومی و پیاوماقوڵ و ڕیش سپیانی دەڤەرەکە بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لەدانیشتنێکدا لەگەڵیان د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر وتی: "ئەمرۆ ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر ناحییەی دیبەگەمان بەسەرکردەوە، هەم بۆ بە دواداچوونی کێشە و کەم و کوڕییەکان و هەمیش بۆ کردنەوەی بەشێک لەو پڕۆژانەی کە بە شێکی لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ کراوە و بەشێکیشی بە سوپاسەوە لەلایەن کۆمپانیای کار جێبەجێ کراوە، لەو سەردانەماندا ویستمان هەم سوپاسیان بکەین هەمیش پڕۆژەکان بەسەر بکەینەو".

پارێزگاری هەولێر لەدرێژەی قسەکانیدا هەروەها وتی: "ئەو دەرفەتەشمان بە پێویست زانی ئەمڕۆ لەو سەردانەماندا لەگەڵ پیاو ماقوڵ و ریش سپیانی دەڤەرەکە کۆببینەوە و گوێ لە پێویستی و کەم و کوڕییەکانتان بگرین، سەبارەت بە ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر ئەم سنورە سنورێکی زۆر گرنگە و بە تەئکید لە پلانی کاری داهاتووماندا وەکو پارێزگای هەولێر بە پشتیوانی خوا ئەگەر دۆخی دارایی بەرەو باشی بڕوات و هەنگاوەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق دوای تەشکیلکردنی ئەو کابینە نوێیەی عێراق تەواوبێت، ئێمە بۆ ئەو دەڤەرە کە بە بەشێکی گرنگی دەزانین لە پارێزگای هەولێر هەرچی لە تواناماندا هەبێت و هەرچی پێمان بکرێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم سنورە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم سنورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان درێغی ناکەین و بەهیچ شێوەیەکیش ئامادەنین دەست بەرداری ئەم ناوچانە بین، ئەو ناوچەییە بەنیسبەتی ئێمەوە وەکو پارێزگای هەولێر ناوچەیەکی گرنگ و هەستیارن، جارێکی تر سوپاس بۆ پێشوازی گەرمی ئێوە و سوپاس بۆ برای بەڕێزم کاک باز خاوەنی کۆمپانیایی کار کە دەستیکی باڵایان هەبووە لە ئاوەدانکردنە و گەیاندنی بەشێکی خزمەتگوزاری بەم ناوچەیە، کە لەلایەکی تریش بەشێک لەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی حکومەتی ئیتحادی و بەشێکیشی لەلایەن ئێمەوە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان جێ بەجێکراون، پەنابەخوا لە ئایندەدا هەوڵ دەدەین ئەوەی کە پێمان بکرێت درێغی نەکەین و لەسەر هەموو ئاست و سێکتەرەکانی (ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو و پێداویستیەکانی تری گرنگی خزمەتگوزاری وەک کەرتی پەروەردە و تەندروستی) هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بە هەماهەنگی لەگەڵ هەموو لایەک و ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کە هەماهەنگییەکی زۆرباشمان هەیە لەگەڵیان و هەوڵ دەدەین ئەو هەماهەنگی و هاوکارییەش پەرەی زیاتری پێبدەین بۆ ئەوەی لە دەرەنجامدا بتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی ئەو دەڤەر و سنورە بکەین".


دوای کردنەوەی هەردوو پڕۆژەی یاریگای وەرزشی کەندێناوە لە ناحییەی دیبەگە و بنکەی تەندروستی گوندی حەسارۆک لەلایەن د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری، پارێزگاری هەولێر هەر یەک لە پڕۆژەکانی (هۆڵی بۆنەکانی گوندی دارەخورما) و (خولی دورمانی ئافرەتانی ناحیەی شەمامک و کەندێناوە) و (بنکەی تەندروستی گوندی شێخ شێروان) و (یاریگای وەرزشی گوندی چل هەوێزە) و (بیری ئیرتیوازی و گەیاندنی تۆڕی ئاوی گوندی چل هەوێرە) و (تێکەڵە ڕێژکردنی شەقامی گوندی یەدیقۆ) و (نوژەنکردنەوەی قوتابخانەی ئامەدی ناحییەی کەندێناوە) و (هۆڵی بۆنەکانی گوندی بەرزەوار) و (هۆڵی بۆنەکانی گوندی خۆشناو) و (پڕۆژەی ئاوی گوندی هێلەوە) و (پڕۆژەی ئاوەڕۆیی گەڕەکی تەعجیلی نوێی لە ناحییەی شەمامک) و (هۆڵی بۆنەکانی ناحییەی کەندیناوە)ی بەسەرکردەوە.