بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسی (سەرژمێری دانیشتوان) سازکرا

بەئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر کۆنفرانسی (سەرژمێری دانیشتوان) سازکرا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.2.12 بەئامادەبوونی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئیداری و حکومی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق و پسپۆڕان و مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵای شاری هەولێر، زانکۆی نێودەوڵەتی تیشک کۆنفرانسێکی لە ژێر ناونیشانی (سەرژمێری دانیشتوان... هێڵەڕێی گەشەکردن بە گەواهی داتا و ئامار) سازدا.

سازکردنی ئەم کۆنفرانسەی زانکۆی تیشک کە پازدەهەمین خولیەتی لەسەر ئاستی عێراق و دووەمین خولەتی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی، وەک ساڵانی ڕابردوو دەیان توێژینەوەی گرنگ و گفتوگۆیی زانستی و ئەکادیمی لەبارەی ئامار و سەرژمێری گشتی تێدا بەڕێوە دەچێت.

ئامانج لە سازکردنی ئەم کۆنفرانسەش دۆزینەوەی ڕێگە و پلانی سەرژمێری دانیشتوان و دەستەبەرکردنی تازەترین داتا و زانیاری و ئامارە، تا بڕیاری دروست بدرێت لەبارەی چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە و گرفتەکان و ئەنجامی سەرژمێری ڕاستەقینە و ژمارەی دانیشتوان و یەکەکانی نیشتەجێبوون بدات لە هەموو ناوچەکانی عێراق، هەروەها توێژینەوە و گفتوگۆکانی ئەم کۆنفرانسە هاوکار دەبێت بۆ داڕشتنی پلانێکی دروست کە پشت بە ژمارە و ئامارە دروستەکان دەبەستێت بۆئەوەی بگەن بە پلانێکی ستراتیژیی گرنگ کە لەڕێیەوە دەوڵەت بتوانێ ئاستی بژێوی باش بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات.