پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەفسەر و پلەدارانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم کۆبۆوە

پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەر و ئەفسەر و پلەدارانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم کۆبۆوە



سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە 2020.2.16 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئەرک و کارەکانیان و چارەسەرکردنی کێشە و کەم کوڕییەکانیان، لەگەڵ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ئەفسەر و پلەدارانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو کۆبۆوە.

لەکۆبوونەوەکەدا کە تاهیر عەبدوڵا جێگری پارێزگاری هەولێر ئامادەیی بوو، لەلایەن ئامادەبووانەوە باس لە بەشێک لەو پێداویستی و کەم و کوڕییانە کرا کە بۆ باشتر بەڕێوەچوون و بەجێگەیاندنی ئەرک و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم پێویستن.

پارێزگاری هەولێر لەلایەن خۆیەوە ڕایگەیاند، هەموو ئەوانەی باسکران لەگەڵ جەنابی وەزیری و وەزارەتی ناوخۆ دیراسەی دەکەین بۆ چاکترکردنی بەڕێوەچوونی کارەکانتان، ئەوەشی بە ئێمە بکرێت وەکو پارێزگا بۆتانی جێ بەجێ دەکەین، پارێزگاری هەولێر هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەرک و فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێم دیارە، ئێمەش ئامانجێکی ڕوونمان هەیە، ئەویش پاراستنی ژینگە و دارستان و ڕووبارەکان و نەهێڵان و لادانی زێدەڕۆییە بەهەموو شێوەیەک، ئێوەش بەو گۆڕانکاری و ڕۆحیەتەی هەتانە لەو ئەرکەی کەوتۆتە سەر شانتان دڵنیاین لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەن، بۆیە ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە ڕێگە نەدانە بەهیچ کەس و لایەنێک کە زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی و دارستان و سەوزایی و ڕووبارەکان و ژینگەپیس بکات، پاراستنی ڕووبار و دارستانەکان و سامانی ماسی و ئاوی ژێر زەویی و ڕاوکردنی نایاسایی و زێدەڕۆیی سەر سەوزایی و ئەرزی کشتوکاڵی و ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆیی بە هەموو شێوەکانی، هەر کەس و لایەنێک ئەنجامی بدات ڕووبەڕووی ئیجرائاتی توندی یاسایی دەبێتەوە.