بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، لە کۆیە نووسینگه‌ی‌ پاسپۆرت کرایەوە

بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر، لە کۆیە نووسینگه‌ی‌ پاسپۆرت کرایەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2020.2.17 به‌ ئاماده‌بوونى د. رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان و د. فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌ولێر و شاندێکی حكومه‌تى عێراقی و ژماره‌یه‌كی دیکە لەبه‌رپرسان، نووسینگه‌ى پاسپۆرتى كۆیه‌ له‌ شارۆچکەی كۆیه‌ كرایه‌وه‌.

کردنەوەی نووسینگه‌ی‌ پاسپۆرت لەشارۆچکەی کۆیە، کە 85 كارمه‌ندی بۆ دابین كراوە ئاسانكارییه‌كى زۆر بۆ دانیشتوانى سنوورى شارۆچکەکە ده‌كات و لێى سوودمه‌ند ده‌بن و چیتر خه‌ڵكی‌ ئەم دەڤەرە بۆ ده‌رهێنانی‌ پاسپۆرت ڕوو له‌ شاری هه‌ولێر ناكه‌ن.

حكوومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوو نووسینگه‌ی‌ ده‌رهێنانی‌ پاسپۆرتی‌ له‌ سۆران و زاخۆش كردەوە، ئه‌وه‌یش له‌ پێناو گواستنه‌وه‌ی خزمەتگوزارییەكان و دەسەڵاتەكان لە ناوەندی شارەكان بۆ شارۆچكەكان و خزمه‌تكردنی‌ هاووڵاتییان و نزیكردنه‌وه‌ی‌ ڕێیه‌كان بۆیان، له‌ ڕێوڕه‌سمه‌ی کردنەوەی نوسینگەی پاسپۆرتی کۆیەش وه‌زیرى ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا باسى له‌وه‌ كرد، له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا نووسینگه‌ى پاسپۆرت له‌ چه‌مچه‌ماڵیش ده‌كه‌نه‌وه‌.

پاشان د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر وێڕایی سوپاس بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ و هەموو ئەو فەرمانگە و لایەنانەی ماندوو بوون بە کردنەوەی ئەم نوسینگە ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر پیرۆزباییەکی گەرم لە دانیشتوانی خۆشەویستی شاری کۆیە دەکەم بەسەرجەم ناحییەکانییەوە بۆ کردنەوەی ئەو نووسینگەیە، بێگومان دانیشتوانی کۆیە کە ژمارەیان لەسەرووی 100 هەزار کەسە کردنەوەی ئەو نوسینگە یارمەتیدەرێکی زۆر باشیان دەبێ و کارئاسانی زۆر بۆ دانیشتوانی کۆیە دەکات کە تاوەکو ئێستا ناچاردەبوون ڕێگایەکی دوور ببڕن تا بگەنە هەولێر بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت، لەمڕۆ بەدواوە وەکو دانیشتوانی کۆیە و دانیشتوانی تەواوی ناحییەکانی سەر بەم شارۆچکەیە دەتوانن لێرەوە لەم نوسینگەیە ببنە خاوەنی پاسپۆرتى خۆیان، ئەمەش یەکێکە لە هەنگاوە زۆر گرنگەکان و جێگەی دەست خۆشییە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی کە ماندووبوون بە کردنەوەی ئەو نوسینگەیە، بە تەئکید ئێمەش پشتیوان و هاوکار دەبین بۆ ئەوەی ئەو نوسینگەیە بەسەرکەوتووی کارەکانی خۆی ئەنجامبدات".