بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا

بڕیارەکانی کۆبوونەوەی پارێزگای هەولێر تایبەت بە خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا

ئەمڕۆ 2020.2.26 بەئامادەبوونی بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ هەر (10) قایمقامی قەزاکانی سنوری پارێزگای هەولێر و زۆربەی بەڕیوەبەرایەتیە گشتییەکان و فەرمانگە پەیوەندییدارەکان و پۆلیس و ئاسایش سازکرا، لەکۆبوونەوەکەدا ئەم خاڵانەی لای خوارە بڕیاریان لەسەر درا.

1- جەخت کردن و پابەندبوون بەسەرجەم بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژی 2020.2.25 تایبەت بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا، هەروەها جێێ بەجێکردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 2020.2.22 کە بڕیاریان لەسەر درابوو، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی بکات ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێت.


2- سەرجەم قایمقامیەتەکانی سنوری پارێزگای هەولێر ڕاسپێردران کە دەبێ بەهەموو توانایانەوە چاودێری بازاڕ و کاڵاکان و کەل و پەلی پزیشکی و سوتەمەنی بکەن، هەرکەسێک بیەوێت بازاڕ ئیستغلال بکات دەبێ ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەری بگیرێتەبەر.

3- هەتا کاتێکی نادیار سەرجەم ئەو گروپە گەشتیاریانە ڕادەگیرێت کە بە ئامانجی گەشتیاری لە پارێزگاکانی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان.


4- یادکردنەوەی بۆنەکانی ئادار و ئازادی و نەورۆز بەشێوەی مەراسیم و ئاهەنگ و ڤیستیڤاڵ ڕادەگیرێت، هەروەها ئەو شوێنانەی ئاهەنگی شەوانە سازدەکەن ڕادەگیرێت.

5- لەڕۆژی 2020.2.28 بەدواوە تا کاتێکی نادیار لەسەرجەم کافتریا و شوێنە بازرگانییەکان نێرگەلە قەدەغەدەکرێت، هەروەها بۆسەلامەتی هاوڵاتیان شوینەکانی مەساج و سینەماکان نابێ کاربکەن، هەروەها دەبێ سەنتەرەکانی وەرزش و لەش جوانی و گه‌رماو و مەلەوانگەکان پەیڕەوی تەواوی ئەو ڕێنماییانە بکەن کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر پێیان دەگەن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن. هەروەها دەبێ هاوڵاتیان لەم ماوەیە خۆیان بپارێزن لەسەردانیکردنی بازاڕی ئاژەڵ و پەلەوەران.

6- سەبارەت بە مەراسیم و پرسە و بۆنە ئاینیەکان داواده‌كه‌ین له‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی و یەکێتی زانایانی ئاینی ڕێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە تەندروستی هاوڵاتیان.

7-سەبارەت بە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان کۆبوونەوە ڕێوشوێنی پێویستی داناوە و دەبێت دەست بەجێ بەجێکردنی بکرێت.


8- سەرجەم فەرمانگەکان ڕادەسپێرین کە قەڵەباڵغی لەدام و دەزگاکان کەمبکرێتەوە و داواش لە هاوڵاتیانی دەکەین بۆ ئەم مەبەستە هاوکاربن و ڕوونەکەنە شوێنە قەڵەباڵغەکان و تا بکرێت ئەم ماوەیە خۆیان لەسەردان و سەفەر بۆ شارەکان ببپارێزن، هەروەها سەردانی نەخۆش جگە لە یاوەر لەگەڵ نەخۆش بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

9- بۆسەرجەم بازگەکانی سنوری هەولێر لەگەڵ موسڵ و کەرکوک تیمی تەندروستی و پێداویستی پشکنین دابین دەکرێت و دەبێ ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.

10-لەسەر ئاستی پارێزگا و هەروەها لەسەر ئاستی هەر (10) قەزایی سنوری پارێزگای هەولێر ژووری عەمەلیات پێک دەهێنرێت و دەبێ ڕۆژانە کۆبوونەوە بکرێت و هەموو ڕێکارێک بگیرێتەبەر لە پێناو خۆ پارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیانی شارەکەمان. دەبێ لەم ماوەیەدا بەجدی تر و چڕو پڕتر چاودێری پاک و خاوێنی ڕێستورانت و چێشتخانە و هوتێل و موتێل و شوێنە گشتییەکان بکرێت.

هاوڵاتیانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە شەو ڕۆژ دەخەینە سەر یەکتر بۆ پارێزگاری لە تەندروستی گشتی.