پارێزگاری هەولێر: هەموو توانای خۆمان خستۆتەگەڕ لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆمان

پارێزگاری هەولێر: هەموو توانای خۆمان خستۆتەگەڕ لەپێناو پاراستنی هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆمان

بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و خۆپارێزی لەم نەخۆشییە و پاراستن و سەلامەتی هاوڵاتیان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2020.3.7 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوڵا جێگرانی پارێزگار و قایمقامی ناوەند و سەرۆکی شاروانی و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەكان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکان و فەرمانگەکانی دیکەی شاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی فراوان سازکرا.

لەکۆبوونەوەکەدا دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕشاندنی هەموو شوێنە گشتییەکان لە بازاڕ و ئەو شوێنانەی پێویستن بە کلۆر ڕاگەیندرا و هەموو پێداویستیەکانیش بۆ ئەو مەبەستە دەستەبەر کراوە، هەڵمەتەکە، هەڵمەتێکی سەرتاسەری دەبێت و هەموو قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە، ئەمڕۆش وەک هەنگاوی یەکەم هەڵمەتەکە لەنێو بازاڕی گەورەی شاری هەولێر دەستی پێکرد. بڕیاریشە لە ئەمڕۆ بەدواوە مۆڵەکان و مارکێتە گەورەکان پابەندبن بە هەڵمەتی ڕشاندنی شوێنەکانیان و ئەو پێداویستیانەشی کە پێویستە بۆ خۆپارێزی لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستەبەری بکەن، هەر شوێنێک و خاوەن مۆڵ و مارکێتێکی گەورەش پابەند نەبێت بەو بڕیارە ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویستی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان ، لەسەر فەرمانی پارێزگاری هەولێر بڕیاردرا:

۱ـ داخستنی سەرجەم ساڵۆنەکانی ئافرەتان و سەنتەرەکانی جوانکاری و شوێنەکانی خواردنەوە کحولییەکان (باڕ)، لە 2020.3.8 تاوەکو 2020.4.1.

۲ـ داخستنی شوێنی یارییەکانی منداڵان لە سەرجەم گۆڕەپان و باخچە گشتییەکان و مۆڵەکان لە 2020.3.8 تاوەکو 2020.4.1.

بە پێی دۆخەکە و گەر پێویستی کرد ماوەکان درێژ دەکرێنەوە.

پاشان د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان، دڵنیایی دایە هاوڵاتیانی شاری هەولێر و ڕایگەیاند: "هەموو توانای خۆمان خستۆتەگەڕ لەپێناوی ئەوەی هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆمان لە شارەکەمان بپارێزین، پێویستە هاوڵاتیانیش ئەو چەند رۆژە بەرگە بگرن و گەشت و سەیران ئەنجام نەدەن و نەچنە شوێنە قەرەباڵخەکان و گەشتی شارەکانی دیکە نەکەن، لە نێوان شارەکانیش هەندێک رێوشوێنی دیکە دەگرینەبەر".

پارێزگاری هەولێر هەروەها سوپاسی هاووڵاتییانی سنووری شاری هەولێری کرد کە هاوکار بوونە، داوای لێبووردنیشی لەوانە کرد کە بەهۆی ڕێوشوێنەکانەوە کە بۆ بەرژەوەندی و سەلامەتیی گشتی گیراوەتەبەر زەرەرمەند بوونە.

د.فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەشدا، "تاوەکو ئێستا یەک حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، کەسەکەش باری تەندروستیی جێگیرە، هەموو رێوشوێنێکمان بۆی گرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی و پشکنین بۆ خانەوادەی ئەو تووشبووەش کراوە، خۆشبەختانە پشکنینی هەموویان نێگەتیڤ بووە، واتە هیچیان هەڵگری کۆرۆنا نەبوون".