لە دەڤەری سۆران بەردی بناغەی دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا داندرا

لە دەڤەری سۆران بەردی بناغەی دوو پرۆژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا داندرا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە 2020.3.10 لە ژێر چاودێری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەبۆنەی 29 ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵكی تێكۆشەری دەڤەرەکە، بەئامادەبوونی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم و هەرچوار قایمقامی دەڤەرەکە و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسان، لە شاری سۆران بەردی بناغەی دوو پرۆژەی گرنگی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی كارەبا دانرا.

لە ڕێو ڕەسەمەکەدا دوای پێشکەشکردنی وتاری وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا وێڕایی پیرۆزبایی بەبۆنەی ساڵڕۆژی ڕاپەرینە مەزنەکەی گەلی کوردستان و ساڵڕۆژی ڕزگاری و ئازادبوونی دەڤەری سۆران لە دەست ستەم و زۆرداری ڕژێمی بەعس، وتی، "سەربەرزین لەم یادە مەزنەدا بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی گرنگی کارەبا کە کاریگەری زۆر گەورەیان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە دەڤەرەکە بەشێوەیەکی گشتی و لە سنوری هەر چوار قەزا دادەنێین، بۆ ئەمەش زۆر سوپاسی جەنابی کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە وێڕای سەختی دۆخی دارایی بەڵام هاوکار و پشتیوان بوو بۆ ئەوەی ئەم دوو پڕۆژە گرنگە بچێتە بواری جێ بە جێکردن، کە یەکێکیان گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی سۆرانە و ئەوی تریشیان پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ بەرهەمهێنانی ۱۰۰ مێگاوات کارەبا لە ئاو، کە هەردوو پڕۆژەکە کاریگەری گەورەیان دەبێت لە دەڤەرەکەدا".

پارێزگاری هەولێر هەروەها سوپاسی وەزیری کارەبا و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەوانەشی کرد کە ڕۆڵیان هەبوو لە دانانی ئەو دوو پڕۆژەیە و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ هەردوو کۆمپانیایی جێ بەجیێ کار خواست و وتی: "پشتیوانیان دەبین و هیواخوازین نموونەی جوان و سەرکەوتوو و پێشکەوتوو لە هەردوو پڕۆژە نیشان بدەن، ئێمەش وەکو ئیدارە و هەرچوار قایمقامیەتی دەڤەرەکە هاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانی خۆیان بەسەرکەوتوویی و بەباشی بەڕێوە ببەن".

پارێزگاری هەولێر له‌درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا سەبارەت بە بەردەوامیدان بە هەڵمەتی بڕینی سەرپێچی و زێدەڕۆیی سەر کارەبا، وتی، "دەمەوێت ڕایبگەێنم ئێمە وەکو پارێزگای هەولێر بە هەموو قایمقامیتەکانەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی دابەشکردنی کارەبای هەولێریش، هەڵمەتی بڕینی کارەبای زیدەڕۆ و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە هەبووە بەردەوام دەبین و هەوڵدەدەین بەهەموو توانامانەوە کارەبا بەباشترین شێوە بەسەر هاوڵاتیانی شارەکەمان دابەشبکرێت".

لەکۆتایشدا پارێزگاری هەولێر لەبارەی ڕێو شوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند: "وەکو ئیدارەی پارێزگا بە هەموو فەرمانگە و دام دەزگاکانەوە لەم ڤایرۆسەی کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە هەموو تواناکانی خۆمان خستۆتەگەڕ لە پێناوی ئەوەی کە تەندروستی هاوڵاتیانی شارەکەمان سەلامەت بێت".

جێگەی باسە، پڕۆژەی وێستگەی 132 كەی ڤی سۆران، پرۆژەی گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانكردنی وێستگەی سۆران و بەگوژمەی 6.700.050 دۆلار لەلایەن کۆمپانیای هێرۆ جێبەجێ دەكرێت، پرۆژەی دووەم پڕۆژەی وەبەرهێنانە بۆ بەرهەمهێنانی ۱۰۰ مێگاوات کارەبا لە ئاو ( HIDRO + ) کە بەشێوەی وەبەرهێنان لەلایەن هەردوو كۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strog oil) بەگوژمەی 250 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەكرێت.