بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆن کۆبۆوە

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆن کۆبۆوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.3.19 لە دیوانی پارێزگا، بەسەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی هەریەک لە ئەندازیار عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پاریزگای هەولێر و جێگرانی پارێزگار، ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوەی ڕۆژانەی خۆی ئەنجامدا.

لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر سەرجەم بڕیار و ڕێنماییەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو ڕێ و شوێنانەی کە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە گیراوەتە بەر، پارێزگاری هەولێر سوپاسی هەوڵ و ماندووبونی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر و زێرەڤانی و پۆلیسی هاتوچۆ و کارمەندانی تەندروستی کرد، کە بەرپرسیارانە بە ئەرک و فەرمانەکان هەڵساون، هەروەها تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا پێویستە هەرچی لەتوانادا هەیە بیخەینە گەڕ لە جێ بەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردە و ڕێنماییەکان.

پاشان بە مەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی ئەرک و فەرمانەکان و پێداویستی و کەم کوڕییەکان و ئەو گرفت و کێشانەی ڕۆژانە لە ئاکامی جێ بەجێکردنی ئەرک و فەرمانەکانیان دێنە پێش، هەر یەک لە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر و زێرەڤانی، باسیان لەو ئیجرائات و ڕێکارە پێداویستیانە کرد کە دەبێت ئەنجام بدرێن، دواتر بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، دوای ڕوونکردنەوەی پێویست لە دەرەنجامی پشکنینی گومان لێکراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بارودۆخی توشبووانی ئەو ڤایرۆسە، باس لەو ڕێ و شوێن و کار و ئەرکانە کرا کە لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە نەخۆشانی ئەو ڤایرۆسە گیراوەتە بەر، هەروەها تیشکی خستە سەر پرسی کەرەنتین و هەموو ئەو پێداویستیانەی کە لەلایەن تیمە تەندروستیەکان و بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بۆیان دەستەبەر کراوە.