پارێزگاری هەولێر داوا لە بازرگانەکان دەکات میکانزمی گونجاو و سەلامەت بدۆزنەوە بۆ خێراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی

پارێزگاری هەولێر داوا لە بازرگانەکان دەکات میکانزمی گونجاو و سەلامەت بدۆزنەوە بۆ خێراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی


بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی هاوردەکردنی ماددە خۆراکییەکان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و دابەشکردنی ماددە خۆراکییەکان، یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ 2020.3.19 بە ئامادەبوونی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ بەرێز کەمال مسلم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی سازدا.

لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەو رێوشوێنانەدا کرد کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر گیراونەتەبەر و داوای لە بازرگانەکانیش کرد میکانزمێکی گونجاو و سەلامەت بدۆزنەوە بۆ خێراکردنی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی.

پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنەکان لەبواری بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا و رایگەیاند: "تا ئەو ساتە بارودۆخمان باشە، بۆ چوارەمین شەوە شەوانە 80 بۆ 200 پشکنین ئەنجام دەدرێت هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمارنەکراوە، تەنانەت 120 کەس لە کەسوکاری ئەو دکتۆرەی لە هەولێر تووشی ڤایرۆسەکە ببوون، پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە، هیچ یەکێکیان هەڵگری ڤایرۆسەکە نین".

د.فرسەت سۆفی لەبارەی تۆمارنەکردنی هیچ تووشبوویەک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی چوار رۆژی رابردوو وتی"واتە ئاماژەی خێر هەیە لەنێوخۆمان، نازانین لە چەند رۆژی داهاتوو حاڵەتی نوێمان دەبێت یان نا، بۆ ئەوەش قەدەغەی هاتووچۆ زۆر یارمەتیمان دەدات، خوانەخواستە ئەگەر دەریشبکەوێت، مادام قەدەغەی هاتووچۆ هەیە دەتوانین بەسەریدا زاڵبین و رێگە نەدەین بڵاوببێتەوە".

د.فرسەت سۆفی، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان دوو رێگەیان لەبەردەمە، "یەکەمیان دەستمان پێکردووە کە قەدەغەی هاتووچۆیە، لەسەر سنوورەکانیش بەنیازین رێوشوێنەکان تووندتر بکەینەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین جموجۆڵی بازرگانی راوەستێت، دەبێت بیر لە میکانزمی سەلامەت بکەینەوە. بۆیە بەیەکەوە دانیشتووین بۆ ئەوەی گوێ لە پێشنیازی میکانزمە سەلامەتەکانی ئێوە بگرین، لە پێناو خێراترکردنی جموجۆڵی بازرگانی، بەڵام دەبێت سەلامەت بێت".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر لەسەر پێشنیازی بازرگانان بڕیاریدا، لەمڕۆوە مارکێتەکان و سوپەر مارکێتەکان و مۆڵە گەورەکان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان خۆراک و پێداویستییەکان بگەیێننە ماڵان و گوتی: "وەک چۆن چێشتخانەکان بە شێوەی دیلیڤەری خواردن دەگەیێننە ماڵان، بەهەمان شێوە مارکێتەکان و سوپەر مارکێتەکان و مۆڵە گەورەکان لەو ساتەوە دەتوانن خواردن بۆ ماڵان بنێرن، بەڵام دەبێت بە ئۆتۆمبلێکی تایبەتی کۆمپانیاکە بێت".