پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2020.3.31 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری ئەندازیارعەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەدیوانی پارێزگا پێشوازی کرد لە د.ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندێکی یاوەری.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە هێمن قادر و تاهیر عەبدوالله جێگرانی پارێزگار و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئامادەی بوون، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی پارێزگار و پارێزگای هەولێری کرد و وتی: "هاتووین بەناوی هەموو ئەندامانی پەرلەمان و پەرلەمانی کوردستان، پێتان بڵێین زۆر سوپاس و ماندوونەبن، دەستتان خۆش بۆ هەموو ئەو ڕێو شوێنانەی گرتووتانەبەر بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر"، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لەبەرنامەیان دایە سەردانی هەموو پارێزگاکانی تر بکەن بۆ هەمان مەبەست.

پاشان لەلایەن پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەری، باسی لەو ڕێکارانە کرد کە بەمەبەستی خۆپارێزی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە پارێزگای هەولێر بەتایبەت بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگا گیراوەتەبەر، هەروەها تیشیکی خستەسەر ئەوەی وەک پارێزگای هەولێر لەیەکەم هەنگاوماندا لە 2020.2.20 دەستمانکرد بە کەرەنیتنکردنی هەموو ئەوانەی لە ئێران دەگەڕانەوە، لەوبارەیەوە وتی، "لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییان لە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و لەمەرزی حاجی ئۆمەران دەگەڕانەوە، بۆیە زۆرترین ژمارەی کەرەنتین لەهەولێر بووە، لەسنووری پارێزگاکەمان زیاتر لە (3300) کەس کەرەنتین کراون، لەو ژمارەیەش بەشێکی زۆریان تەواووبوونە لەکەرەنتین و گەڕاونەتەوە ناو ماڵ و خێزانەکانیانەوە، ئێستاش ژمارەیەکی یەکجار زۆر پشکنین ئەنجامدەدەین بۆ گومانلێکراوان و ئەوانەشی کەرەنتین کراون، سەبارەت بەو ناوچە و شوێنانەشی کە تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لێ بووە، خراونەتە کەرەنتین و ژێرچاودێری پزیشکی".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی، "لەهەولێر هەموو ئامادەباشییەکی خۆمان وەرگرتووە لە ڕووی دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و تەندروستی و نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا، لەمبارەیەوە دەتوانین بڵێین هیچ کەم و کوڕییەکمان نییە".

لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی یاوەری، جارێکی تر دەست خۆشی و سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا کرا، بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوون و شەونخونییەی ئەنجامی دەدەن لە پێناو پاراستنی هاوڵاتییان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.