پارێزگاری هەولێر قەزای خەباتی بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر قەزای خەباتی بەسەرکردەوە


دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2020.3.31 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر، قەزای خەباتی بەسەرکردەوە و لەلایەن قایمقامی قەزای خەبات بە وەکالەت و بەرپرسانی یەکەی ئیداری ناوچەکە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لەکۆبوونەوەیەکدا، پارێزگاری هەولێر لەبارودۆخی ناوچەکەی کۆڵییەوە و تیشکی خستە سەر ئەرک و جێ بەجێکردنی فەرمان و ڕێنماییەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی هاتووچۆ و ئاماژەی بەوەدا کە بۆ لەمەودوا دەبێت بەگڕوتینی زیاتر و هاوکاری و هەماهەنگی یەکتر وەک یەک تیم کاربکەن لەپێناو خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرگرتن لە بڵاو بوونەوەیی و پاراستنی هاوڵاتییان ناوچەکە.
پارێزگاری هەولێر هەروەها ئاماژەی بەوەدا لەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری هاتووین، قۆناغی زۆر و سەختمان بڕیووە و کەمان ماوە، بۆیە دەبێت پشوودرێژبین لەئەرک و جێ بەجێکردنی فەرمانەکان، پارێزگاری هەولێر وتیشی، "سوپاسی هاوڵاتییان دەکەین کە هاوکارمانن، هەروەها سوپاس بۆ هەموو هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی دارستان و بەرگری شارستانی و تیمەکانی تەندروستی و هەموو ئەوانەی ماندوو نەناسانە بەئەرک و فەرمانەکان هەڵساون، دەست خۆشیان لێدەکەین، ئەگەر هەر کەم و کوڕییەک هەبێت بەیەکەوە چارەسەری دەکەین، هەر چیەکیشتان پێویست بێت ئێمە ئامادەین و درێغی لێ ناکەین".

لەلایەن قایمقامی قەزای خەبات بەوەکالەت و بەرپرسانی ناوچەکە، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێركرا بۆ سەردانەکەیی و ئەو سەردانەشیان بەوە وەسفکرد کە گڕوتین زیاتری پێ بەخشین و پاڵپشتێکی گەورەشی پێدان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و جێ بەجێکردنی فەرمانەکان.