پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ وەزیری تەندروستی، قەزایی چۆمانی بەسەرکردەوە

پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ وەزیری تەندروستی، قەزایی چۆمانی بەسەرکردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ 2020.4.2 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، هاوڕێ لەگەڵ د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، سەردانی قایمقامیەتی قەزایی چۆمانی کرد و لەلایەن قایمقامی قەزاکە و بەرپرسانی ئیداری چۆمان بەگەرمی پێشوازی کرا.

لەکۆبوونەوەیەکدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەڕۆڵی بەرچاووی قایمقامیەتی قەزای چۆمان داو و ڕایگەیاند، "سوپاسی هەموو فەرمانگەکانی قەزای چۆمان و ناحییەکانی دەکەم، کە لەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی هاتووین ماندوو نەناسانە بەئەرک و کارەکانی سەرشانتان هەڵساون، ئێمە هەمیشە هەڵسەنگاندنێکی باشمان بۆ قەزایی چۆمان هەبووە، هیوای سەرکەوتنتان بۆدەخوازم و لەسەروی هەمووشیانەوە سوپاسی سەرجەم خەڵکی چۆمان دەکەم".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی، "دەزانین ماندوون، بەڵام ئەو قۆناغە ئەوەمان لێدەخوازێ هەموومان وەک یەک تیم هەوڵەکانمان چڕتر بکەینەوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆر گرنگە ئەو چەند ڕۆژەی داهاتوو بەجدیەت و کاری زیاتر بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببینەوە، ئێمەش پاڵپشت و هاوکاری ئێوەیەن هەرچیەکتان پێویستە دڵنیابن درێغی لێ ناکەین".

پاشان د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی تیشکی خستە سەر دوا پەرەسەندنەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژەی بەوەدا ئێستا لە قۆناغێکی هەستیارداین، پێویستە لەسەر هەموو تاکێک پابەندبێت بەڕێنماییە تەندروستییەکان، داواکارین لەهاوڵاتییانی چۆمان و تەواوی ناحییەکانی لەماڵەکانیان بمێنەوە، قەدەغەی هاتووچۆکردن بۆ سەلامەتی و پاراستنی گیانی ئەوانە.