پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەشاندێکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لەشاندێکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری پەرلەمانی کوردستان کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.4.8 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەئامادەبوونی هێمن قادر جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتی عەبدولستار مەجید کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری هەولێر ئامادەی بوو، باس لەبارودۆخی ئێستای ئەو دۆخە نەخوازراوەکرا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووبەڕووی بوینەوە، هەروەها تیشک خرایە سەر ئەو بەرنامە و پلان و بڕیارانەی بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ هەموو سێکتەرەکان بەتایبەتی سێکتەری کشتوکاڵ داڕێژراوە، پاشان لەلایەن شاندی میوان وێڕای دەست خۆشی و سوپاسی پارێزگار و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە بەهەموو لایەکمان زیاتر کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان بکەین و وەک زەرورەتێکیش لەم بارودۆخەدا بەڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستنی هاوڵاتییان و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، کارئاسانی بکرێت بۆ پەرەپێدانی زیاتر کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بەڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی دووچاری هاتووین و لەچوارچێوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، دەرفەتی زۆرمان بە سەرجەم پرۆژەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی داوە و وەک ئەولەویەتی کارەکان مامەڵەمان لەگەڵدا کردووە، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوە بووە ئەو سێکتەرە بەباشی و چاکی بمێنێتەوە وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان، دڵنیابن هەرچیشی لەتواناماندا بێت بۆ کارئاسانی و هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری ئەم سێکتەرە درێغی لێ ناکەین.