لە هەولێر .. کۆنفرانسێکى زانستى لەبارەى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و ئاسایشی خۆراك و مەترسیەکانی زێدەڕۆی بەکارهێنانی ئاو بەڕێوەچوو

لە هەولێر .. کۆنفرانسێکى زانستى  لەبارەى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و ئاسایشی خۆراك و مەترسیەکانی زێدەڕۆی بەکارهێنانی ئاو بەڕێوەچوو

لە هەولێر ..
کۆنفرانسێکى زانستى لەبارەى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و ئاسایشی خۆراك و مەترسیەکانی زێدەڕۆی بەکارهێنانی ئاو بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.9.18، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و عەبدولکەریم شنگارى، بریکارى وەزارەتى کشتوکاڵ و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەند و بەڕێوەبەرانى گشتیى شارەوانى و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و سەرۆکى شارەوانى و بەڕیوەبەرانى فەرمانگە خۆمەتگوزارییەکان و ژمارەیەکى دیکەى بەرچاوو لە پسپۆران و شارەزایان و مامۆستایانى زانکۆ، ڕێکخراوى MesoNature بەهاماهەنگى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لە ژێرناونیشانى"گۆڕانکاریەکانی کەش و هەواو ئاسایشی خۆراك و مەترسیەکانی زێدەڕۆی بەکارهێنانی ئاو" کۆنفرانسێکى زانستى ئەنجامدا.

لە دەستپێکى کۆنفرانسەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشى بۆ ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و ڕێکخراوى ناوبراو بۆ ئەنجامدانى کۆنفرانسەکە، لەبارەى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەواو ئاسایشی خۆراك، وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەى بەوەدا کە گۆڕانکاری کەش و هەوا و مەترسیەکانى خۆراک و زێدەڕۆیی بەکارهێنانى ئاو کە ناونیشانى کۆنفرانسەکەیە، کێشەیەکی جیهانە و لە سەرئاستى جیهان هەوڵەکان چڕکراوەتە بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە و ڕایگەیاند: "ئەوەى دەگوزەرێت لە جیهاندا و ئەومەترسیانەى بەهۆى گۆڕانکارى کەش و هەوا دروست بووە و لە ماوەى چەند ڕۆژى رابردووشدا بینیمان لە وڵاتان بە هۆیەوە چ کارەساتێکى مرۆیی ڕوویدا، ئێمەش وەکو هەرێمى کوردستان بەدەرنین لەو کێشە جیهانییە، بۆیە پێویستە لە سەر هەموو دامەزراوەکانى حکومەت و ناوەندە ئەکادیمیەکان و هەموو ڕێکخراوەکانى ترى تایبەت بەو پرسە، کارى جیدى تر و باشتر بکرێت و بەشێوەی ستراتیژیی ئەو پرسە کە پرسێکی گرنگ و هەستیارى چارەسەر بکرێت"، بۆ ئەو مەبەستەش باسى لە سترتیژییەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ ڕێگیرى و پێگیرى لە بەرامبەر لێکەوتەکانى ئەو گۆرانکارییانەى لە کەش و هەوادا ڕوودەدەن و بەڵام نەشاردەوە کە بارى قورسى دارایی هەنگاوەکانى سست کردووە.

پاشان پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بە کێشە و گرفتى کەمى ئاو لە هاوین و مەترسیەکانى لافاویشى لەزستان لەسنوورى پارێزگاى هەولێر خستە ڕوو، کە لە چەند ساڵى ڕابردوو بە هۆیەوە شارى هەولێر بەتایبەتى ڕووبەرووى ئەوحاڵەتە نەخوازراوانە بۆتەوە کە بەهۆى گۆڕانکارییەکانى کەش و هەوا ڕوویانداوە، لەوبارەیەشەوە تیشکى خستەسەر هەوڵ و کارى بەردەوامى پارێزگاى هەولێر لە ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنى ڕێرەوى ئاوى سروشتى باران و پاککردنەوە کەندەکان و دروستکردنى بەشێکى زۆرى ئاوەڕۆى نوێ لە شارى هەولێر، گوتیشى: "هەموو ئەوانەى کراون پلانى کاتى بوونە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پلانى دیکەمان هەبووە کە کۆمەڵێک پۆند لە چواردەورى هەولێر دروست بکەین، کە بەشێکیان تەواوبوونە و بەشێکى تریشیان بەهۆى بارى قورسى دارایی نەتوانراوە تەواو بکرێن، بۆ دابینکردنى ئاویش پلانى ستراتیژمان هەیە و لە زیادکردنى ئاوى ژێرزەویش هەنگاوى باش نراوە، لەوانە بەنداوى گۆمەسپان و بەنداوى بەستۆڕە کە لە ئێستادا کاریان تێدا دەکرێت".

سەبارەت بە دابینکردنى ئاسایشى خۆراکیش، پارێزگارى هەولێر ڕوونى کردەوە کە ستراتجیەتى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و روئیا و تێگەیشتنى جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەمیشە تەئیکد لە دەستەبەربوونى دەکاتەوە، لە سەردەمى کۆرۆنا و ئاکامەکانى جەنگى ئۆکرانیا و ڕوسیاش ڕێوشوێنى باش لە بارەى دابینکردنى ئاسایشى خۆراک لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان گیراوەتەبەر و هاوڵاتییان دووچارى دڵەڕاوکێ نەبوونە لەگەڵ ئەو دۆخەسەختەى بەو هۆیانەوە هاتنە ئاراوە، لە ئێستاشدا ستراتیژیەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەرەپێدانى کەرتى کشتوکاڵ و گرنگیدانى زیاترە بە بەرهەم و بەروبوومى ناوخۆیى کە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەکى نزیکدا ئةو هةنطاوةش کاریگەرییەکى باشى دەبێت.

دواتر چەندین پانێل لە بارەى مەترسیەکانى زێدەڕۆیى بەکارهینانى ئاو و سەرچاوەکانى پاراستنى ئاو و زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی و پاراستنى ئاسایشى خۆراک لەلایەن پسپۆران و شارەزایانەوە پێشکەش کران.