بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، تاوانى ڕێکخەر، قەیرانە مرۆییەکان و ڕوودانى کارەساتە سروشتیەکان، تەوەرى سەرەکى دیدارى نێوان پارێزگارى هەولێر و شاندێکى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بوو

بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، تاوانى ڕێکخەر، قەیرانە مرۆییەکان و ڕوودانى کارەساتە سروشتیەکان، تەوەرى سەرەکى دیدارى نێوان پارێزگارى هەولێر و شاندێکى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بوو

بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، تاوانى ڕێکخەر، قەیرانە مرۆییەکان و ڕوودانى کارەساتە سروشتیەکان، تەوەرى سەرەکى دیدارى نێوان پارێزگارى هەولێر و شاندێکى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2023.9.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە شاندێکى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپا بە سەرۆکایەتى "ئەندرێس فیبارى" سەرۆکى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپا لە عێراق و هەرێمى کوردستان كرد.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە بەرێوەبەرانى کاروبارى ناوخۆ و قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر ئامادەی بوون، شاندى میوان زۆر سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى ناوخۆ و پارێزگاى هەولێریان کرد بۆ هەموو ئەو ئاسانکارى و پاڵپشتى و هاوکاریانەى پێشکەشیان کردوون، پاشان کورتەیەکیان لە بارەى کار و چالاکییەکانیان خستە ڕوو لە بوارى تاوانى ڕێکخەر و بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر و ڕووبەڕووبوونەوەى قەیرانە مرۆییەکان و ڕوودانى کارەساتە سروشتیەکان و چۆنیەتى هاوکاریکردنى هاوڵاتییانى سڤیل، لەوبارەیەشەوە ئاماژەیان بە کردنەوەى چەندین خولى جۆراو جۆردا بۆ ئەفسەر و پلەدارانى هێزە ئەمنییەکان لە سەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان، لە بەرامبەر هەموو ئەوکارانەى لە هەرێمى کوردستان ئەنجامیانداوە بە ناوى پارێزگا و وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سوپاس و پێزانی ئاڕاستەکردن و ڕایگەیاند: "لە نزیکەوە ئاگادارى کارەکانتانین و سوپاسى مانەوەتان دەکەین لە هەرێمى کوردستان، دڵنیاشتان دەکەینەوە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوە پەیوەندارەکان هاوکار و هەماهەنگتانن، وەک پارێزگاى هەولێریش هەرچى ئاسانکارى هەیە پێشکەشتان دەکەین".

دواتر پارێزگارى هەولێر، تیشکی خستە سەر ئەو ڕێکار و ئیجرائاتانەى لەلایەن ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکان گیراوەتەبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەى تاوانى ڕێکخەر و بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر، لەوبارەیەشەوە هاریکارى و هەماهەنگى ڕاوێژکارانى نێردەى یەکێتى ئەوروپاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەهۆشبەرەكان وەك ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەپێویست زانى. هەروەها باسى لە جێبەجێکردنی یاسای و سزادانى بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکان لە هەرێمى کوردستان و بڕیارى دامەزراندنى سەنتەرى پاککردنەوەى بەکارهێنەرانى کرد و هەوڵە بەردەوامەكانى دەزگا و دامەزراوەکانى حکومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیشی لە هۆشیاركردنەوەی گەنجان و لاوان لە مەترسییەکانى بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەرزنرخاند.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، سەبارەت بە قەیرانە مرۆییەکان و گۆڕانکاریەکانى کەش و هەوا و مەترسیەکانى، کە لە ئێستادا کێشەیەکی جیهانە و کاریگەریشى کردۆتە سەر هەرێمى کوردستان بەگشتى و هەولێرى پایتەخت بەتایبەتى گفتوگۆى لەبارەوە کرا و هەردولا جەختیان لە هەماهەنگى و هاریکارى بەردەوامى نێوانیان کردەوە.