پارێزگاری هەولیر: هەموو هەوڵێک دەدەین نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تالاسیمیا لەهەولێر دروستبکەین

پارێزگاری هەولیر: هەموو هەوڵێک دەدەین نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تالاسیمیا لەهەولێر دروستبکەین


ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.5.7، بە بۆنەی (8ی ئایار) ڕۆژی جیهانی تالاسیمیا، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولیر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی لقی هەولێری کۆمەڵەی تالاسیمیا و مەڵبەندی گشتی هەولێری خوێن بەخشانی کوردستان کرد.

لەدیدارەکەدا شاندی میوان دوای خستنە ڕووی داواکارییەکانیان، باسیان لە کەم و کوڕی و پێداویستییەکانی تووشبوانی تالاسیمیا لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی، لەڕەوش و بارودۆخی تەندروستی تووشبوانی تالاسیمیای کۆڵییەوە و ڕایگەیاند: "هەموو توانایەکمان دەخەینە گەڕ لەپێناو کارئاسانی و یارمەتیدان و وەرگرتنی چارەسەر و جێ بەجێ کردنی داخوزییەکانتان، داواکارییەکانتان دەخەینە بەرنامەی کاری پارێزگا و بۆتانی جێ بەجێ دەکەین".

لەبارەی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تالاسیمیا لەسنووری پارێزگای هەولێر، پارێزگاری هەولێر، مژدەی ئەوەی پێدان، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین بەزوترین کات نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە تالاسیمیا و چارەسەری تووشبوانی لەسەنتەری شاری هەولێر دروستبکەین.