لەهەولێر ھەڵمەتی دابەشكردنی زیاتر لە (150) هەزار دەمامك دەستیپێكرد

لەهەولێر ھەڵمەتی دابەشكردنی زیاتر لە (150) هەزار دەمامك دەستیپێكرد


لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و خۆپارێزی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزاکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.6.4، له‌ سنووری پارێزگای هەولێر دەست کرا بە هەڵمەتی دابەشکردنی زیاتر لە (150,000) سەد و پەنجا هەزار (دەمامک) بەسەر ھاووڵاتییان و کاسبکاران.

وەک دەسپێکی هەڵمەتەکەش، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری هێمن قادر جێگری پارێزگار و هەریەک لە قایمقامی قەزای دەشتی هەولێر و قایمقامی ناوەند، لە شارۆچکەی کەسنەزان و گەڕەکی کورانی عەنکاوەی شاری هەولێر (دەمامک)ی بەسەر کاسبکاران و هاوڵاتییان دابەشکرد، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای داواکاری لەهاوڵاتییان لە پابەندن بوون و خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەستانی دەمامک و دەستکێش، سوپاسی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە بۆ دام و دەزگا و فەرمانگە حکوومیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر (150,000) سەد و پەنجا هەزار (دەمامک)ی دابینکردووە و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێت، هەروەها سوپاسی کۆمپانیای (عالم طب) بۆ بەرهەمهێنانی کەرستەی پزیشکی کرد کە توانییان نرخی دەمامک دابشکێنن و هاوڵاتییان بتوانن بە ئاسانی دەمامک دەستەبەر بکەن.

هەڵمەتی دابەشکدرنی (دەمامک) بەسەر ھاووڵاتییان و کاسبکاران، لەسەرفەرمان و ڕاسپاردەی پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی هوشیارکردنەوەی هاوڵاتییان و خۆپارێزی لە کۆرۆنا و بەرنگاربوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەڵمەتێکی سەرتاسەرییە و لەڕۆژانی داهاتوودا جگە لە سەنتەری شار، لە تەواوی قەزا و ناحییەکانی سنووری ئەو پارێزگایە بەردەوام دەبێت.