به‌ فه‌رمانى به‌رێز پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ستكرایه‌وه‌ به‌ بڕینى هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى كراوه‌ته‌ سه‌ر كاره‌باى نیشتیمانى

به‌ فه‌رمانى به‌رێز پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ستكرایه‌وه‌ به‌ بڕینى هه‌موو ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى كراوه‌ته‌ سه‌ر كاره‌باى نیشتیمانى

پێش نیوه‌رۆی ئه‌مڕۆ 8-6-2020 ، تیمێكى پێكهاتوو له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ولێر و ئه‌ندازیار حوسێن حه‌مه‌د قادر به‌رێوه‌به‌ری گشتى كاره‌باى هه‌ولێر و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى كاره‌با و پۆلیسى شاره‌وانى و فه‌رمانده‌یی زێره‌ڤانى ، به‌ فه‌رمانى به‌رێز پارێزگاری هه‌ولێر ده‌ستكرا به‌ هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى بڕینى كاره‌باى زێده‌ڕۆ ، له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ولێر بۆ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن گووتى : به‌هۆی كاروباری پێشگرتن له‌ ڤایرۆسى كۆڕۆناوه‌ سستیه‌ك له‌م هه‌ڵمه‌ته‌ دروست بوو ، پێشتر به‌ ده‌یان كه‌س سه‌رپێچی كار بوون و سزا دران ، قایمقامى ناوه‌ند راشیگه‌یاند : ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ زۆر به‌ جدى ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ ، سه‌ره‌تاش له‌ ناوچه‌ بازرگانى و پیشه‌سازییه‌كانه‌وه‌ ده‌بێت ، هه‌روه‌ها له‌و ماڵانه‌ى كه‌ كاره‌بایان له‌ بیره‌ ئاوه‌كان و مزگه‌وته‌كان به‌ زێده‌رۆیی راكێشاوه‌ هه‌مووى ده‌بڕین ، مه‌به‌ستیش له‌مه‌ ، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و كاره‌با دزراوانه‌یه‌ دواتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و وڵات به‌كار دێنینه‌وه‌ و كاتژمێره‌كانى كاره‌باى پێ زیاد ده‌كه‌ینه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها گوتیشى : سه‌ركه‌وتنى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ له‌ قازانجى خه‌ڵكدایه‌ ، داواش له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ كاره‌بایان به‌ زێده‌رۆیی بردووه‌ ، پێش ئه‌وه‌ى تیمه‌كانمان بیانگه‌نێ ، خۆیان بێن ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سزا یاساییه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌..
دواتر حوسێن حه‌مه‌د قادر به‌رێوه‌به‌ری گشتى كاره‌باى هه‌ولێر گووتى : له‌ماوه‌ى به‌رێوه‌چوونى ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ 1400 كه‌س كاره‌باى زێده‌رۆییان لێ بڕا و سزاى دارایش دران ، كه‌ كۆی گشتى ئه‌و سزایانه‌ یه‌ك ملیار دینار بوو ، زیاتر گووتیشى : مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى له‌ بڕینى سه‌رپێچیه‌كانى سه‌ر كاره‌با باشتر كردنى دۆخى كاره‌بایه‌ به‌تایبه‌ت له‌ وه‌رزى هاوین و زستان ، وا پێویست ده‌كات كه‌ كار بۆ زیاد كردنى به‌رهه‌مى كاره‌با بكه‌ین و زێده‌ رۆییه‌كان كه‌متر بكه‌ینه‌وه‌ ، ناوبراو گووتیشى : به‌سه‌رپه‌رشتى جه‌نابی پارێزگاری هه‌ولێر بڕیار درا به‌رده‌وامى به‌م هه‌ڵمه‌ته‌ بدرێت كه‌ له‌ سنوری هه‌ردوو به‌رێوه‌به‌رایه‌تى یه‌ك و دووى كاره‌با و هه‌روه‌ها له‌ سنوره‌كانى شه‌قڵاوه‌ و پیرمام و كۆیه‌ و سۆران.

photo: elyas eziz