کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسى لقى 23ی مەخمور و کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسانی ناوچەکان و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییەکانی سنوورەکە ئەنجامدرا
کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەرپرسى لقى 23ی مەخمور و کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسانی ناوچەکان و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییەکانی سنوورەکە ئەنجامدرا
ئەمڕۆ یەکشەممە 3-12-2023 ، سەربەست لەزگین، بەرپرسى مەکتەبى ڕێکخستنى هەولێرى پارتى و ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێم و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری چیا هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی هەولێری پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر، سەردانی بارەگای لقی 23ی مەخموری ( پ د ك )کرد و لەگەڵ سەنگەر کانەبی، بەرپرسى لقى مەخمورو کارگێڕ و ئەندامانى لق و بەرپرسانی ناوچەکان و قائیمقام و بەڕێوەبەرانى ناحییەکان کۆبوونەوە.
سەرەتا سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی( پ د ك )ئەجیندای کۆبوونەوەکەی خستە روو، دووپاتیکردەوە کە بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتمەندی سنورەکە خزمەتکردنی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە بەلایانەوە لە زەرووراتەکانە و هەرچی هەیە بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانیان لە ئەنجامدانی دریغی ناکەن، تاکیدی لەسەر ئەوەش کردەوە کە پێویستە بە برواو هێزەوە خۆیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادە بکەن و کاندیدانی لیستی (١٩٧ ئیرادەو برایەتی ) پارتی دیموکراتی کوردستان سەربخەن کە نوێنەرانی راستەقینەو خەمخۆرانیانن و هەر ئەوان داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن…
دواتر لە لایەن ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ، تیشک خرایە سەر کار و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و هەڵسەنگاندن و ڕاپەراندنی کارەکانی یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی سنوورەکەش لەڕابردوودا بە بایەیەخەوە باسکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکرایەوە بۆ یەکە ئیداری و کارگێڕییەکان و دەسەڵاتەکانیان لە سنوورەکە .
لەو کۆبوونەوەیە تیشك خرایە سەر پێداویستی و کەم کوڕیەکانی سنورەکە و جەخت لە چارەسەرکردن و پڕ کردنەوەی گرفتەکان کرایەوە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پلان و بەرنامەى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵى 2024، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر خرایەڕوو و جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى کە داواکارى هاوڵاتییانى ناوچەکەن بە پێویست زانرا، لەوبارەیەشەوە داواکرا یەکە ئیدارییەکان لە سنورەکەیان پلانی خۆیان لە راپۆرتێکدا بخەنەڕوو بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بەهاوڵاتییان.
لە کۆتایشدا، هەماهەنگی زیاتر و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان لەناوچەکە دوپاتکرایەوە و جەخت لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە لە کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕاییکردنی کاروبارەی هاووڵاتییان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و چاکتر بەڕێوەچوونی کاروباری دامودەزگاکان.