پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە پارێزگاری موسڵ و شاندێکی یاوەری کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە پارێزگاری موسڵ و شاندێکی یاوەری کرد

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە 2020.7.9، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازیکرد لە(نەجم عەبدوڵا جبوری) پارێزگاری موسڵ و شاندێکی یاوەری کە پێکهاتبوو لە (سیروان ڕۆژبەیانی) جێگری پارێزگاری موسڵ و یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری خزمەتگوزاری و ڕاوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری ڕێکخراوەکان.

لەدیدارەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش جێگرانی پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری موسڵ سوپاس و ستایشی ئەو پێشوازییەی گەرمەی کرد و دەست خۆشی لە پارێزگای هەولێر کرد بۆ ئەو هەوڵ و جدییەتەی لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان لەڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسنووری پارێزگای هەولێر گیراوەتەبەر، پاشان تیشکی خستە سەر ئەوەی بە هەماهەنگی و هاوکاری یەکتر، دەخوازین هەوڵەکانمان بخینەگەڕ لەپێناو پتەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی هەردووشار و وتی "ئێمە تەواوکەری یەکترین و هیچ کات خۆمان لەشاری هەولێر بەدوور نەزانیوە و هەمیشە خەڵکی شاری هەولێر لای ئێمە، وەک خەڵکی شاری موسڵ بووە و جیاوازیمان لە نێوانیان نەکردووە".

دواتر پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی پارێزگاری موسڵ و شاندی یاوەری، ئامادەیی هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی نیشاندا و ته‌ئكیدی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و موسڵ کردەوە و ڕایگەیاند: "بێگومان ئێمەش لای خۆمان هیچ کات خەڵکی موسڵمان لەشاری هەولێر بەدوور نەزانیوە و وەک خەڵکی شاری خۆمان حسێبمان کردووە و مامەڵەمان لەگەڵ کردوون، هەرچی بە ئێمەش بکرێت وەک پارێزگای هەولێر ئامادەین".

پارێزگاری هەولێر هەروەها وتی، "لەو ماوەیەدا بەهۆی کۆرۆنا و داخرانی ڕیگاکانی نێوان پارێزگاکان و جێبەجێکرنی ڕێنمایی و بڕیارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا، بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕین، بەڵام ئێستا هەوڵدەدەین هەنگاو بە هەنگاو ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین و پەنا بەخوا ئەم ڤایرۆسەش مەترسیەکانی کەم دەبێتەوە و دەتوانین ژیان بگەڕێنینەوە باری ئاسایی خۆی، بێگومان ئەم قۆناغە کاریگەری زۆری هەبووە لە سەر هەموو سێکتەرەکان".

لەکۆتایدا پارێزگاری موسڵ و شاندی یاوەری، سوپاسی پارێزگاری هەولێریانکرد و ئامادەیی خۆشیان بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک نیشاندا.