پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.7.19، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا پێشوازیکرد لە شاندێکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە پێکهاتبوو لە د.جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆن و هەریەک لە (هەرێم کەمال ئاغا، ڕێبوار تەها، شێروان میرزا، ڕێزان شێخ دلێر، کوردەی هاشم جیهاز، ئارەزوو محمود خدر) ئەندامانی فراکسیۆن.

لەسەرتای دیدارەکدا د.جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا شاری هەولێر گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان، بۆیە بە پێویستمانزانی سەردانی بەڕێزتان بکەین و لەنزیکە سوپاسی هەوڵ و ماندووبونتان بکەین بەتایبەت لەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشی هاتووین، هەروەها وەکو فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتگیری و پشتیوانی تەواوی خۆمان لە ئەرک و کارەکانتان ڕابگەێنین، مەبەست لە سەردانەکەشمان وێڕای پشتیوانی و پشتگیریتان، حەزمانکرد لە نزیکەوە ئاگاداری پلان و بەرنامەی کاری داهاتووتان بین.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسی پشتیوانی و پشتگیری و هاوکاری و هەماهەنگی کردن و باسی لە ڕەوشی تەندروستی شاری هەولێر کرد و تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری هاتووین، پاشان ئاماژەی بە تەواوی ئەو ڕێکار و بڕیارانەدا کە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە پێناو بەرگرتن و خۆپارێزی لە کۆرۆنا و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییان گرتوویەتیەبەر.

پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: "دڵنییای دەدەینە هەموو لایەک وەک پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی شار، بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان لایەنەکان، خۆمان بە پارێزگاری هەموو لایەک دەزانین و هەموو هەوڵ و توانای خۆشمان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییانی شارکەمان و پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی خستۆتەگەڕ، ئەوەی لەتواناشماندا هەبێ لە خزمەتکردن درێغی لێ ناکەین".

لە کۆتاییدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری، سوپاسی پارێزگاری هەولێرییان کرد بۆ وەڵامی پرسیارەکانییان و ئەو پێشوازییە گەرمەی کەلێیان کرا.