پارێزگاری هەولێر: ڕاستەوخۆ دوای جەژن دەست بەپڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران دەکەین

پارێزگاری هەولێر: ڕاستەوخۆ دوای جەژن دەست بەپڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەران دەکەین

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەمە 2020.7.19 د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، بەیاوەری مەسعود کاڕەش جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی چوار و پێنج بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و ئەو کێشەو گرفتانەی بەوهۆیەوە دروست بوونە، هەردوو گەڕەکی ڕۆشنبیری و هەشت هەزاری فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە.

پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە سەردانی ئەو شوێنانەی کرد کە بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆ گرفتی زۆری بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دروستکردووە و بۆتە هۆی دروستبوونی گۆماو لەنێو کۆلانەکانی ئەو گەڕەکانە و ڕایگەیاند: "ئەگەرچی باری داراییمان سەختە، بەڵام بەهاوکاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە ڕاستەوخۆ دوای جەژنی قوربان کەچەند ڕۆژێکی کەمی ماوە دەست بە چارەسەرکردنی ئاوەڕۆیی ئەم گەڕەکانە بکەین، بەتایبەت ئەو شوێنانەی کە کەۆتۆتە نێو کۆڵانەکان و دانیشتوانی ئەم گەڕەکانەی هەراسانکردووە، بەڵێن بەدانیشتووانی هەردوو گەڕەک دەدەین دوای جەژن ڕاستەوخۆ دەست بەکارەکان دەکرێت و گرفتی ئاوەڕۆ و کێشەی ئەو گۆماوانەی بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆوە لەو گەڕەکانە دروست بووە چارەسەردەکەین".

پاشان پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی بەستانەوەی ئاوەڕۆی فەرمانبەرانی بەسەرکردەوە کە لەنێوان شەقامی 120م بۆ کۆرنیش دەست پێدەکات و لەسەر بوودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە30% کارەکانی تەواو کراوە.