بەڕێوەبەری سایلۆی هه‌ولێر به‌وه‌كاله‌ت بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمى پارێزگاى هه‌ولێر : به‌م نزیكانه‌ 2ملیار دینار وه‌ك بەشی یه‌كه‌می پاره‌ى گه‌نمى جووتیارانى ئه‌مساڵ خه‌رج ده‌كرێ

 بەڕێوەبەری سایلۆی هه‌ولێر به‌وه‌كاله‌ت بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمى پارێزگاى هه‌ولێر :  به‌م نزیكانه‌ 2ملیار دینار وه‌ك بەشی یه‌كه‌می پاره‌ى گه‌نمى جووتیارانى ئه‌مساڵ  خه‌رج ده‌كرێ

لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارێزگای هەولێر هێمن سەید موڕاد ڕایگەیاند؛ ئێمه‌ له‌ لێژنه‌ى باڵاى به‌بازاڕ كردنى گه‌نم له‌ پارێزگاى هه‌ولێر پلانێكمان داڕشتووه‌ كه‌ سنوری پارێزگاى هه‌ولێر بۆ 9 ناوچه‌ دابه‌ش كراوه‌ ، ریزبه‌ندى كراوه‌ له‌ نێوانى هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌باڵغى له‌ پێش سایلۆ دروست نه‌بێ و جووتیاران خه‌رجى گواستنه‌وه‌و مانه‌وه‌ى شه‌وانیان نه‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ، بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ پێی ریزبه‌ندى ئه‌و ناوچانه‌ گه‌نمى جووتیارانمان وه‌رگرتووه‌ ..
ناوبراو گووتیشى : له‌ سایلۆی هه‌ولێر جێگه‌ى 140 هه‌زار تۆن گه‌نم ده‌بێته‌وه‌ ، به‌ڵام حكومه‌تى عێراق ته‌نها ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرتنى 110 هه‌زار تۆن گه‌نمى به‌ ئێمه‌ داوه‌ كاتێ به‌رهه‌مى جووتیارانى هه‌ولێر به‌ ئاماره‌ نا ڕه‌سمییه‌كان سه‌رووى 350 هه‌زار تا یه‌ك ملیۆن تۆن گه‌نمه‌ ، بێگومان جووتیاران له‌و بڕیاره‌و هه‌موو بڕیاره‌كانى حكومه‌تى عێراقى زه‌ره‌ر مه‌ندن ، به‌تایبه‌ت به‌م دواییه‌ له‌ به‌غدا بڕێك له‌ گه‌نمى وه‌رگیراو بۆ هه‌موو پارێزگاكان زیاد كرا ته‌نها هه‌ولێر نه‌بێ ..
به‌رێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانیو بەڕێوەبەری سایلۆی هه‌ولێر به‌ وه‌كاله‌ت گووتیشى : ساڵانێكه‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانى جوتیارانى هه‌رێمى كوردستان نه‌دراوه‌ ، ئێمه‌ له‌هه‌وڵى به‌رده‌وامین بۆ ده‌سته‌به‌ر كردنى هه‌موو ماف و ئیمتیازه‌كانى جووتیاران ، به‌ پاڵپشتى پارێزگاری هه‌ولێر به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و هام و شۆ له‌و به‌ینه‌ بوونى هه‌بووه‌ و پابه‌ندین به‌ هه‌موو رێنماییه‌كانى حكومه‌تى فیدڕاڵ بۆ دەستەبەر کردنی مافی جووتیاران ، سه‌ر باری هه‌بوونى ئیجرائاتى تووندى رێنماییه‌كانى خۆپارێزى له‌ كۆڕۆنا ، پێشوازی له‌هه‌موو شانده‌كان كراوه‌ و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌پچڕاوه‌..
دواتر رایگه‌یاند : بۆ به‌رهه‌مى ئه‌مساڵ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ دابین كردنى پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران نه‌هاتۆته‌ پێش ، به‌م نزیكانه‌ 2ملیار دینار وه‌ك بەشی یه‌كه‌م له‌به‌غداوه‌ بڕیاری بۆ ده‌رچووه‌ و خه‌رج ده‌كرێ و دابه‌شى سه‌ر جووتیارانى ده‌كه‌ین .