پەیامی پارێزگاری هەولێر ، بەبۆنەی یادی جینۆسایدی بارزانییەکان

پەیامی پارێزگاری هەولێر ، بەبۆنەی یادی جینۆسایدی بارزانییەکان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ یادی ڕۆژێكی جەرگبڕە لە مێژووی گەلەكەمان، یادی جینۆسایدکردن و ئەنفالی هەشت هەزار كەسی بێ گوناهی بارزانییەکانە کە ڕژێمی بەعس ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراقی كردن و زیندەبەچاڵیكردن.
37 ساڵ لەمەوبەر لە 31ی7ی 1983 ڕژێمی فاشی و دیکتاتۆری بەعس بەشێوەیەكی دڕندانە هەشت هەزار پیاوی بارزانیی لە پیر و گەنج ڕاپێچی بیابانەكانی كردن و كۆمەڵكوژیكردن، ئەنفالی بارزانییەکان دەستپێکی شاڵاوی رەگەزپەرستانەی رژێمی بەعس بوو دژ بە خەڵکی کوردستان و ئەڵقەیەك بوو لەو زنجیرە كارەسات و قوربانییەی بەسەر گەلی كوردستانیدا هێناوە.
ئەگەرچی دەڤەری بارزان بەدرێژایی مێژووی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان، چەندین جار دووچاری ئاوارەیی و وێرانکردن و سووتاندن بووەتەوە، بەڵام بێ سەروشوێنکردن و ئەنفالی بارزانییەکان کە زۆربەیان تائێستا ڕوفاتەكانیان نەدۆزراوەتەوە تاوانێکی دیکەی گەورە و خاڵێکی ڕەش بوو لەمێژووی دەسەڵاتداریەتی ڕژێمێک ئەوەی لەدەسەڵاتی دابوو بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد دەرهەق بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئەنجامیدا، بەڵام سەرباری هەموو ئەو تاوان و زوڵم و ستەم و زۆردارییەی نەیتوانی تێکۆشان و خۆڕاگری و بەرگری گەلەکەمان کپ بکاتەوە، دەڤەری بارزان و گەلی کوردستان بەسەربەرزی مایەوە.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان، سڵاو لە خۆڕاگری و ئازایەتیان

نەمری بۆ شەهیدان

د.فرسەت سۆفی
پارێزگاری هەولێر
2020.7.31