بە سەرپەرشتى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لە بارەى کێشەى کەم ئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانى هەولێر ئەنجامدرا
بە سەرپەرشتى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لە بارەى کێشەى کەم ئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانى هەولێر ئەنجامدرا
"گوژمەى (1 ملیار و 500 ملیۆن دینار) وەک فریاگوزاریى بۆ دابینکردنى پێداویستى و چارەسەرکردنى کەم و کوڕى و گرفتەکانى کەم ئاوى تەرخانکرا"
ئێواره‌ی دووشه‌ممه 2024.6.24، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، له دیوانى پارێزگا، کۆبونەوەیەکی تایبەت لە بارەى کێشەى کەم ئاوی لە بەشێک لە گەڕەکەکانى شارى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە هێمن قادر و مه‌سعود كاڕه‌ش، جێگرانی پارێزگار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆكانی هه‌رێم و قائیمقامی ناوەند و بەڕێوەبەرى گشتى دابەشکردنى کارەبا و سەرۆکى شارەوانى و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاوی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC و به‌رپرسی مولیده ئه‌هلییه‌كان ئامادەی بوون، پارێزگارى هه‌ولێر بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتى كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له به‌شێك له گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر، جەختى له سه‌ر خێڕاترکردنى هەنگاوەکانى چارەسەرى ئەو پرسە کردەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر ئیدارەى ئەو پرسە بدەن لەو چەند مانگەى هاوینى ئەمساڵ.
هەروەها لێدانى بیرى ئاوى خواردنەوەى بەدیل و نوێی لە هەولێر و دەوروبەرى و نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەى کەم و کوڕییە تەکنیکیەکانى بیرەکانى هەموو ئەو شوێن و جێگایانەى لە گه‌ڕه‌كه‌كان دەبنە هۆکارى دروستبوونى کەم ئاوى و بەستنەوەیان بە کارەباى (24 کاتژمێرى نیشتیمانى و مولیدەکان) کە بۆ (247 بیر) لە ناوشارى هەولێر دابینکراوە بە پێویست زانى و، لەوبارەیەشەوە ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌ى ڕاسپارد لە زووترین کاتدا هه‌نگاوی كرده‌یى پێویست بگرنه‌به‌ر.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرنج و بۆچونی ئاماده‌بووان لە بارەى گرفت و كێشه‌کانى كه‌م ئاوی و چۆنیەتى چارەسەرکردنیان، پارێزگارى هەولێر، جگە لە تەرخانکردنى گوژمەى (1 ملیار و 500 ملیۆن دینار) وەک فریاگوزاریى بۆ دابینکردنى پێداویستى و چارەسەرکردنى کەم و کوڕى و گرفتەکانى کەم ئاوى، چه‌ند بڕیارێكی تر‌ى پێویستیشى دا، لەوانە بەردەوام بوون لە سەر بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕەکانی ئاوی خواردنه‌وه‌ى ماڵان.
لە کۆتایشدا، وێڕاى تەئکیدکردنەوەى لە هەماهەنگى و هاوکارى هاوڵاتییان له‌گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە به فیڕۆنه‌دانی ئاو، بڕیارى پێکهێنانى هێڵێکى گەرم درا لە سنوورى هەر شەش بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکانى هەولێر، کە لە کاتی دروست بوونی هەر حاڵەت و گیر و گرفتێکى کەم ئاوى و چارەسەرکردنى پێویست، هاوڵاتییان و دانیشتوانى ناوشارى هەولێر دەتوانن پەیوەندى بەم ژمارە تەلەفۆنانەوە بکەن:-
1- سنوورى شارەوانى یەک
07515250001
07515260001
2- سنوورى شارەوانى دوو
07515250002
07515260002
3- سنوورى شارەوانى سێ
07515250003
07515260003
4- سنوورى شارەوانى چوار
07515250004
07515260004
5- سنوورى شارەوانى پێنج
07515250005
07515260005
6- سنوورى شارەوانى شەش
07515250006
07515260006