لە عەلوەی هەولێر دەستبەسەر بەربوومی کشتوکاڵی قەدەخەکراودا دەگیرێت

لە عەلوەی هەولێر دەستبەسەر بەربوومی کشتوکاڵی قەدەخەکراودا دەگیرێت

قایمقامی هەولێر رایدەگەیێنێت، کە ئەوان بۆ پاڵپشتی بەرهەمی نێوخۆیی و جووتیاران دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە بۆ دەستبەسەداگرتنی ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانەی کە هاوردەکردنیان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە قەدەخەکراوە و دەشڵێت: ئەو بەروبوومانە بە پلەی یەکەم لە دەروازەی سنووری باشماخەوە هێنراون و داوا لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەکات بەدواداچوونێکی چڕ بۆ ئەو بابەتە بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 31-8-2020 لیژنەیەک لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر سەردانی عەلوەی سەوزە و میوەی لە شاری هەولێر کرد، بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەو بەروبوومە کشتوکاڵیانەی کە هاوردەکردنیان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە قەدەخەکراوە.

بەڕێز (نەبەز عەبدولحەمید)قایمقامی هەولێر، کە خۆی سەرپەرشتی لیژنەکە دەکات راگەیاند: "ئێمە وەکو قایمقامیەت سەرپەرشتی لیژنەیەک دەکەین، کە پێکهێندراوە بەھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکالی ھەولێر بۆ بەدواداچوونی عەلوەکانی سەوزە و میوە. ئەو هەڵمەتە ئەمڕۆ لە هەموو کوردستان دەستیپێکردووە، مەبەست لەو هەڵمەتەش پاڵپشتی بەرهەمی نێوخۆیی و جووتیارانی خۆمانە".

ماوە ماوە جووتیاران گلەیی لە ساخ نەبوونەوەی بەروبوومەکانیان دەکەن، بەهۆی هاوردەکردنی بەروبوومە قەدەخەکراوەکان، قایمقام دەڵێت "ئێمەش بە هەموو شێوەیەک رێگری لە هێنانی بەروبوومە قەدەخەکراوەکان دەکەین، کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی لە 15-07-2020 هاوردەکردنیان قەدەخەکراوە. کە 28 جۆر بەروبوومی کشتوکاڵییە".

لەنێو ئەو بەروبوومە قەدەخەکراوانەی ئەمڕۆ لە لە عەلوەی سەوزەو میوەی هەولێر دەستی بەسەردا بڕێکی زۆر لە (خاس و کەلەم و خۆخ) هەیە، کە هاوردەکردنیان قەدەخەکراوە. هەر بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ هەر کەسێکیش ئەو بەروبوومە قەدەخەکراوانەی هاوردەکردبێت سزا دەدرێت.

نەبەز عەبدولحەمید داوا لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەدواچوون بۆ سەرچاوەی هێنانی ئەو بەروبوومە قەدەخەکراوانە بکات و دەڵێت: "بەپێی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانەی لەگەڵ خاوەنی نووسینگەکان و شۆفێری بارهەڵگرەکان کردوومانە، ئەو بەروبوومانەی هاوردەکردنیان قەدەخەکراوە و یان باجیان لەسەرەو باجەکەیان نەداوە، بە پلەی یەکەم لە دەروازەی سنووری باشماخەوە هێنراون. بۆیە لێرەوە داوا لە وەزیری کشتوکاڵ دەکەین بەدواداچوونێکی چڕ بۆ ئەو بابەتە بکات".