بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەڕێوە چوو
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەڕێوە چوو
رۆژی چوارشەممە 2024.9.4، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان, ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە ژمارەیەک وەبەرهێنەر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکومەت لە ڕێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستانی کرد كە لە كاتی قەیرانەكاندا رۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حكوومەت بوون بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین.
پاشان سەرۆکی حکومەت قەڵغانی ڕێزلێنانی پێشکەشی ژمارەیەک وەبەرهێنەر کرد کە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە لە دروستکردنی باخچە و داینگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و باڵاخانەی پۆلیس .
ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
وەبەرهێنەرانی خۆشەویست
زۆر زۆر بەخێر بێن و رۆژتان باش. زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم و ڕێز و پێزانینم هەیە بۆ رۆڵی بەرپرسانە و نیشتمانپەروەرانەی ئێوەی بەڕێز لە ساڵانی رابردوو لە هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامە چاكسازییەكەی، بە جۆرێك كە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت تەواوكەری یەكتر بوون و بەیەكەوە چەندین پرۆژەی گرنگ و ستراتیژییان ئەنجام داوە.
جیا لەوەی هاوكاریتان كردووین لە چەندین باخچە و داینگە و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی و باڵاخانەی پۆلیس. بۆیە سوپاستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان لە كاتی چاكەخوازیدا بۆ دەخوازم.
خۆتان ئاگادارن كە لە ساڵانی رابردوو ڕووبەڕووی بارودۆخێكی سەختی دارایی بووینەوە و كێشە و كۆسپ و گیروگرفتی زۆریان لە دەرەوە و ناوەوەی كوردستان بۆ ئێمە دروست كرد، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و سوپاس بۆ خۆڕاگریی هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و پشتگیری و پشتیوانیی ئێوەی بەڕێز، توانیمان بەشێكی زۆری ئەو كێشە و ئاستەنگانە تێپەڕێنین و درێژە بە پرۆژە و بەرنامەكانی حكوومەت بدەین بەو جۆرەی كە تاوەكوو ئێستا توانیومانە بەردەوام بین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو قەیرانانەش ببینەوە.
سوپاسێكی تایبەتی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە كاتی قەیرانەكاندا رۆڵێكی نیشتمانپەوەرانەیان هەبووە و یارمەتیدەری حكوومەت بوون بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین. ئامانجی سەرەكیی ئێمە، پێشخستن و بونیادنانی ژێرخانێكی بەهێزی ئابوورییە بۆ كوردستان، هەروەها دەمانەوێ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش پێش بكەون. عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە، دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و مرۆیی و ماددی و داهاتێكی زۆریشی هەیە، بەڵام جێگەی داخە بەهۆی نەبوونی ئیدارەدانێكی باش و خزمەتگوزار، ئێستا هاووڵاتییانی عێراق لە دۆخێكی خراپدا دەژین و لەو داهاتە زۆر و زەوەندەی عێراق بەهرەمەند نین، دۆخی خزمەتگوزاری و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان لە عێراق لە ئاستێكی خراپدایە.
بەداخەوە هەرێمی كوردستانیش باجی سیاسەت و مامەڵەیەكی ناتەندروست و ناڕەوا دەدات كە لە لایەن هەندێك كەسەوە دژی حكوومەت دەكرێت كە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكەن، لە كاتێكدا كە پێشكەوتن و گەشەكردنی هەرێمی كوردستان لە قازانجی هەموو عێراقدایە و پێویست بوو حكوومەتی فیدڕاڵی و هەرێم پێشبڕكێ بكەن لەسەر ئەوەی كە كێ زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكات و پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ بكات. بەڵام ئێمە هەرگیز كۆڵ نادەین و بە پشتیوانیی خوای مەزن و هاوكاریی ئێوەی بەڕێز، بەردەوام دەبین لە بەرنامەكانمان لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیانی كوردستان و هەموو عێراق.
جارێكی دیكەش دەستخۆشیتان لێ دەكەم، ڕۆڵ و بەشداریتان لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و یارمەتیدانی دامەزراوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنم. ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان لێرە بۆ ئەوەیە كە ئێمە ڕێز و پێزانینمان پێشان بدەین بۆ ئەو وەبەرهێنەرە بەڕێزانەی كە لەم ماوەیەدا دەوری كاریگەریان لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان، پشتیوانیكردنی حكوومەت، جێبەجێكردنی چەندین پرۆژە هەبووە كە بێگومان بەبێ ئەوان نەدەكرا و حكوومەت نەیدەتوانی ئەو هەموو پرۆژانە جێبەجێ بكات.
ئەم رێزلێنانە بۆ هەموو وەبەرهێنەرێكی كوردستانە، هیوادارم هەمووتان جێی پەنجە و دەستتان دیار بێت، لەمەودواش هاوكار و پشتیوان بن، پشتیوانیی ئێوە لەگەڵ حكوومەت و كەرتی گشتی، هەمووی بۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بتوانین خزمەتێكی باشتری هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. بۆیە ئەمڕۆ چەند بەڕێزێك دەستنیشان كراون كە ئێمە ئەو تەقدیر و پێزانینەیان پێشكەش بكەین، بەڵام دڵنیا بن كە ئەم پێزانینە بۆ هەموو ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستە و هیوادارم لە كۆبوونەوەكانی داهاتوو، لە ماوەی داهاتوو، جارێكی تریش ئێمە بتوانین بەیەكەوە دابنیشین و بەیەك بگەین و سوپاس و پێزانینی زیاتریشتان پێشكەش بكەین.
جارێكی تر زۆر زۆر بەخێر بێن، سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، سوپاسی پشوودرێژیتان دەكەم، دەزانم زۆرتان لە شوێنەكانی دووریشەوە هاتوون، زۆر زۆر بەخێر بێن، ماندوو نەبن، هەر شاد و سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.