هەولێر.. ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و چیڕۆکنووس "سابیر ڕەشید"

هەولێر.. ڕێورەسمی ڕێزلێنان لە نووسەر و چیڕۆکنووس


ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2024.10.1، لە ژێرچاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە هۆڵى شەهید مەهدى خۆشناو، لە بارەگاى لقى هەولێرى یەکێتى نووسەرانى کورد، بەڕێوەبەرایەتی چاڵاکی وێژەیی هەولێر لە ژێرناونیشانى " ئه‌مه‌ك و شانازى " ڕێورەسمێکی ڕێزلێنانی بۆ نووسەر و چیڕۆکنووس "سابیر ڕەشید" سازکرد.
لە ڕێورەسمەکەدا، کە فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەرى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانی ئامادەیى ببون، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا، وێڕایی پیرۆزبایی، ڕۆڵی مێژوویی و کار و بەرهەمەکانی نووسەری لە ناوەندى رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا بەرز نرخاند، ئاماژەشى بەوەدا کە ناوبراو خاوەنی هزر و قەڵەمێکی بە بڕشت و جوان بووە و لە بواری نووسین و چیرۆکدا بەرهەمی زۆری لە کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاو کردۆتەوە و هێشتاش بەردەوامە، و هیوای تەندروستی و لەش ساغی و تەمەن درێژی بۆ خواست.
پاشان، پارێزگارى هەولێر، ڕێزلێنان و گوڵى وەفاى پێشکەش بە نووسەر و چیڕۆکنووس "سابیر ڕەشید" کرد.
جێگەى باسە، سابیر ڕەشید ساڵح، لە ساڵی 1956 لە (شەقڵاوە) لە دایک بووە، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواوکردووە و لە ساڵی 1981 کۆلێژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، خاوەنى زیاتر لە 23 پەرتووکە و چەندین پەرتووکی جۆراوجۆری ئەدەبیشی ئامادەیە بۆ چاپ.