پارێزگاری هەولێر و سەرۆکى شارەوانى ئیستەنبۆڵ کۆبوونەوە
پارێزگاری هەولێر و سەرۆکى شارەوانى ئیستەنبۆڵ کۆبوونەوە
"له دیدارهكه جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیستەنبۆڵ و هەولێر لە گشت بوارەکان بە تایبەتی بارزگانیی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولا کرایەوە"
ئەمڕۆ پێنج شەممە 2024.11.28، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەی بۆ تورکیا و بەشداریکردنی لە پیشانگای MUSIAD EXP 2024، سەردانى شارەوانى ئیستەنبۆڵى کرد و لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئوغلوو، سەرۆکى شارەوانى شارەکە کۆبووەوە.
لە دیدارهكهدا، کە گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر ئامادەی بوو، وێرای گەیاندنی سڵاو و رێزی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارێزگارى هەولێر، ئاماژەى بەوەدا، پەیوەندییەکانی هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا پەیوەندی گرنگ و مێژوویی و ستراتیژین و جەختى لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستەنبۆڵ لە گشت بوارەکان بە تایبەتی بارزگانیی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولا کردەوە.
لەوبارەیەشەوە سەرۆکى شارەوانى ئیستەنبۆڵ، خۆشحاڵى خۆی بەسەردانى پارێزگارى هەولێر نیشاندا و تەئکیدی لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان کردەووە و ئامادەیی هەموو هەماهەنگیەکی لەگەڵ پارێزگاى هەولێر نیشاندا.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبۆڵى کرد بۆ سەردانیکردنی هەولێر و لە بەرامبەریشدا ئەکرەم ئیمام ئوغلوو، بە فەرمی بانگهێشتى پارێزگاری هەولێری کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکى تایبەت بە چارەسەرى کێشەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کە بڕیارە 12.12ى ئەمساڵ لە ئیستەنبۆڵ بە بەشدارى پارێزگار و سەرۆک شارەوانییەکانى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و جیهان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەردوولا بانگهێشتەکانی یەکتریان بەسوپاسەوە قبوڵ کرد.