گهڵاڵه
ناحیەی گەڵاڵە سهر به قهزای چۆمانه و له (9) گوند پێکهاتووه و ژمارهی دانیشتوانی (1594) کهسن
مێژووی ناحیهی گهڵاڵه
ئەم ناحیەیە سەرەتا ناوی( باڵەك) بووە، بەڵام لە ساڵی 1970 ناوەكەی لە ناحیەی (باڵەك) ەوە گۆڕدراوە بۆ ناحیەی گەڵاڵە.
لەسەردەمی عوسمانیەكان لە عێراق و كوردستاندا بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1890) بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی (باڵەك) لە (گەڵاڵە) بووە. لە ساڵی (1895) (مەعروف ئاغا) بووە، لە ساڵی (1906) بەڕێوەبەر (عەبدی ئەفەندی) بووە. لە ساڵی (1912) (عەبدی ئەفەندی) بووە. ساڵی (1923) (عەونی ئەفەندی) بووبە بەرێوەبەری ناحیە، دوای ئەویش (رەفعەت ئەفەندی) بووە، پاشان لە ساڵی (1932) (ئیسماعیل حەقی) بووە، دیارە تا ساڵی (1940) بەردەوام بووە. ئەم ناحیەیە هەر لەلایەن سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوولەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بۆ دانرا. دوای نسكۆی شۆڕش ساڵی (1975) (عەباس كەشكۆل) بۆ ماوەیەكی زۆر كورت بووە بەڕێوەبەری ناحیە. دوای ئەویش (جەمال مەحمود ئەحمەد) بووبە بەڕێوەبەری ناحیە. دوای ئەویش (جمال جەلال) خەڵكی (سلێمانی) بوو بە بەڕێوەبەری ناحیە. لە ساڵی (1983 تاكو 1991) ناحیەی (گەڵاڵە) بە هەڵپەسێرداوی مایەوە تا دوای ئازاری راپەڕینی (بەهاری 1991)، دیسان لە ئازاری راپەرین ئەو ناحیەیە بەبێ بەڕێوەبەری ناحیە مایەوە تا ساڵی (1997)، لەو ساڵەدا یەكەم بەڕێوەبەری ناحیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (رزگار حەسەن ناسر) بووە، ، دواتر (رزگار مستەفا) بووبە بەڕێوەبەری ناحیە، دوای ئەویش (ئەمین عەلی) بووە، پاشان (كافی ئەسعەد بیرێژی) و پاشانیش (عەبدولوەهاب مەحمود مەمی خەلی) كە خەڵكی (باڵەكایەتی)ە كاری بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناحیە بەڕێوەبرد، دوای ئەویش لە (موسلیح زرار باڵەكی) بەڕێوەبەری ناحیەی (گەڵاڵە)ی وەرگرت. هەروەها (عەبدولوەهاب مەحمود) بەڕێوەبەری ناحیەی (قەسرێ) بە وەكالەت كاری بەڕێوەبەری ناحیەی (گەڵاڵە) بەڕێوەبرد، دواتر لە (5/12/2010) (كاروان كەریم خان گوندەژۆری) بووبە بەڕێوەبەری ناحیەو ئێستا لەژێر فەرمانی ئەو بەڕێوەدەچێت.
ناوی گهڵاڵه له چیهوه هاتووه
ووشەی (گەڵاڵە) بەپێی زانیاری هەندێ كەسی ئاوەدانی (گەڵاڵە) لەوەوە راهاتووە، گوایا ئاوەدانی (گەڵاڵە) لە خوار گوندبووە، ناوچەیەك هەیە پێی دەگوترا (گركە سۆر)، ئاو بۆ ئەو ئاوەدانیە هەر بە جۆگا هاتووە بۆ خواردنەوە، بەهۆی پەرچ و گیاوە ئاوەكە بەردەوام دەگیراو دەپچرا. رۆژێكیان یەكێكیان بەدوای ئاوەكەدا دەچێت و لە ئێستای شوێنی (گەڵاڵە) ئاوێك دەدۆزێتەوەو بەخەڵكی گوندەكە دەڵێت: ئاوێكم (گەڵاڵە) كردووە، واتە مسۆگەرم كردووە. بەشێكی تریش لە ناوچەكەدا دەڵێن: وشەی (گەڵاڵە) لەگەڵ ئەو بەرەبابەی كەلە (سلێمانی)ەوە راهاتوون لە ناوچەی (گەڵاڵە)ی ئەوێوە هاتوون، بۆیە ئەو ناوەی ئەوێ لە (گەڵاڵە)ی (باڵەكایەتی) دووبارە بۆتەوە. بەشێكی تریش پێیان وایە (گەڵاڵە) لە (گوڵاڵە)وە هاتووە، مەبەست لەوەیە چەندین جۆرە گوڵی رەنگاو رەنگی لێیە.
پێش راگواستن (گەڵاڵە) نزیكەی (400) ماڵ بووە. لە (8/8/1981) لەلایەن رژێمەوە تەواوی خەڵكی (گەڵاڵە) راگوێزرا بۆ ئۆردوگای تایبەتی (گەڵاڵە) لە سەنتەری قەزای (سۆران).
ناوی گوندهكانی سنوری ناحیهی گهڵاڵه :
ژ | ناوی گوند | ڕێژهی دانیشتوان | ساڵی تێكدان | ئاوهدان كردنهوه |
1 | سهنتهری ناحیه | 498 |
|
|
2 | گویزان | 242 | 1983 | 1991 |
3 | ئۆمهراوه | 225 | 1983 | 1991 |
4 | رهزان | 230 | 1983 | 1991 |
5 | داراالسلام | 128 | 1983 | 1991 |
6 | ناوكیلان | 92 | 1984 | 1991 |
7 | رهشهكهل | 38 | 1984 | 1991 |
8 | پاشكۆز | 88 | 1984 | 1991 |
9 | كانی زیل | 33 | نویه |
|
10 | كانی سماق | 20 | نویه |
|
ئاوهدان کردنهوهی ناحیهی گهڵاڵه
لە دوای راپەرینە مەزنەكەی كوردستان (گەڵاڵە) وەك سەرەتایەك ئاوەدان دەبێتەوە، كە نزیكەی (35) ماڵ رووی تێ كرد. لە ساڵی (1991) تا ساڵی (2000) نزیكەی (69) گوندی لە خۆگرتووە. لە ساڵی (2000)دا ناحیەی (سمیلان)ی لێ بۆتەوەو تەنها (32) گوند مانەوە، دوای داواكاریو زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی شارۆچكەی (قەسرێ)، ئەو شارۆچكەیەش بووە ناحیە، كە تەنها (14) گوند لە سنوری ناحیەی (گەڵاڵە) مایەوە، واتە ناحیەی (گەڵاڵە) تەنها گوندەكانی رێگای هاملتۆن لەخۆدەگرێت، سەنتەری ناحیە ئێستاش زیاتر لە 90ماڵی لێ نیشتەجێیە.
جوگرافیایی ناحیهی گهڵاڵه
لە رووی كارگێریەوە سەربە قەزای (چۆمان)ەو نزیكەی یەك كیلۆمەترونیو لە رێگای هاملتۆن دوورەو نزیكەی (7) كیلۆمەتریش لە سەنتەری قەزای (چۆمان) دوورە، دەكەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای (چۆمان) و ناوەڕاستی دەڤەری (باڵەكایەتی)، تەنها كوێستانی (گەڵاڵە)ی هەیە، كە ساڵانە خەڵكانێكی زۆر لە (گەڵاڵە)و (دۆڵی رووست)ەوە رووی تێ دەكەن، بەمەبەستی كەوش، كۆچەرەكانی (مەنتك و سرێشمەی و مام ساڵ) بەمەبەستی ئاژەڵداری بەدرێژای هاوین و كۆتایی بەهارو سەرەتای پایز لەوێ دەمێننەوە، شوێنە گەشت گوزارەكانی (گۆڕەدێر، باخەلان، كانیەزیل، بێڕەش)ە، هەروەها كێوەكانی (شاخی رەش، شاخی سپی، بەری تاوسكان، شاخی سێلم، كێوی سۆری دەران، كێوی بەرسەرتیل، چیای بەردی غەربووكێ، شاخی كاریتە، شاخی دوكنەوسێ، كێوی بەردی كۆزێ، چیای بەردەبووك) لە خۆدەگرێت. هەروەها هەردوو رووباری (شیوێ تەنگی، كوێستانی گەڵاڵە)ی پێدا رەت دەبێ.
تێبینی : ئهو زانیاریانهی سهرهوه له لایهن ناحیهی ( گهڵاڵه ) وهرگیراوه ئێمه وهکو ستافی ماڵپهری پارێزگا رێکمان خستوهتهوه