هەولێر.... تا ناوەڕاستی ئەمساڵ لە 100%ی سنووری پارێزگای هەولێر دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری
هەولێر....
تا ناوەڕاستی ئەمساڵ لە 100%ی سنووری پارێزگای هەولێر دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری
پارێزگاری هەولێر:
"ئەرکی ئێمە لەم بارودۆخەدا تەنها بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە و دەبێت هەمووان لە خزمەتی گشتیدا بین."
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.4.6، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی و بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگای هەولێر بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی بۆ دانیشتووانی پایتەخت و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی كارەبا، بە تایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی وەرز، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر ئەنجامدرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، پارێزگاری هەولێر، دوایین پێشکەوتنەکانی پڕۆژەی ( ڕووناکی ) خستەڕوو، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ چاکسازی لە سیستەمی وزە و دابینکردنی کارەبای بەردەوام بۆ هاووڵاتیان، و ئاماژەی بەوەدا پڕۆژەكە هەنگاوی زۆر گەورەی بڕیوە و لە ئێستادا 85%ی سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بوونە لە کارەبای 24کاتژمێری. ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی خزمەتگوزاریدا هەژمار دەکرێت کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستخۆشی لە تیمی ڕووناكی و هاریكاری و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبای هەولێر كرد، كە کارەکان بە شێوەیەکی خێرا بەردەوامن و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ پڕۆژەکە دەگاتە ڕێژەی 100% لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر.کە بە تەواوبوونی ئەم قۆناغە، هیچ شوێنێك لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کە کارەبای 24 کاتژمێری نیشتیمانی پێنەگەیشتبێت.
دواتر پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزیری كارەبایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی كرد بۆ هەماهەنگی و هاریكاری بەردەوامی لەگەڵ پارێزگای هەولێر و بە وردی تیشکی خستە سەر چەند خاڵێکی ستراتیژی بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئینجا لەلایەن ئامادەبووانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی ئێستای پێدانی کارەبای نیشتمانی و کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی كرا و جەخت لەسەر خێراکردنی پرۆسەی چاککردنەوەی گرفتە تەكنیكیەكان و گۆڕینی بگۆڕەكان و كێشەكانی تر كرایەوە تاوەكو هاووڵاتییان کەمترین کێشەیان هەبێت.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگای هەولێر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەو دۆخە نەخوازراوەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، پارێزگاری هەولێر زنجیرەیەک ڕێکاری نوێ و بەپەلەی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كارەبا كرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان لە سەروو هەموو شتێکەوەیە و پێویستە بۆ قۆناغی ئێستا لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک و دەرگای هەموو فەرمانگەکان بە ڕووی هاوڵاتیاندا واڵا بێت بۆ بیستنی کێشە و داواکارییەکانیان، تەئكیدیشی لەسەر هەماهەنگیی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەکان كردەوە بە مەبەستی بڕینی ڕۆتین و خێرا ڕاییکردنی كاروبارەكانی هاوڵاتییان وەک یەک تیمی کارگێڕی کاربکەن. گوتیشی: "ئەرکی ئێمە لەم بارودۆخەدا تەنها بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیری ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە. هیچ کەمتەرخەمییەک لە ڕاییکردنی کارەکان قبوڵکراو نییە و دەبێت هەمووان لە خزمەتی گشتیدا بن."
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، گفتوگۆ لە بارەی داڕشتنی پلانێکی پێشوەختە بۆ وەرزی هاوین كرا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە كێشە و گرفتەكانی کارەبا و کەمکردنەوەی فشار لەسەر وێستگەکان، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر چەند ڕاسپاردەیەکی گرنگی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.