بازگەی شێراوە ... پێشوازیكردن لە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

بازگەی شێراوە ... پێشوازیكردن لە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

بازگەی شێراوە ...
پێشوازیكردن لە سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان

ئەمرۆ یەكشەممە 2026.6.14، هەریەك لە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە بازگەی شێراوە، پێشوازیان لە قەداسەتی پەتریاک " مار پۆڵس سێیەم نۆنا"، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری کرد.

لە دیدارەكەدا، وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی قەداسەتی پەتریاک و شاندەکەی، جەخت لەوەكرایەوە كە هەولێری پایتەخت هەمیشە وەک چەتر و مەڵبەندێکی دێرین و ئارامی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بووە و فرەکلتووری و لێبوردەیی بەشێکی دانەبڕاوە بووە لە ناسنامەی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، ئاماژە بەوەشدرا كە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بایەخێکی گەورەوە لە ماف و ئازادییەکانی خوشک و برایانی مەسیحی و تەواوی پێکهاتەکان دەڕوانێت و پەرە بەو کەشە دەدات.

لەلایەن خۆیانەوە، قەداسەتی پەتریاک و شاندی یاوەری سوپاس و پێزانینی خۆیان و کەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهانیان ئاڕاستەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەو پێشوازییە و ئاماژەیان بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی بێوێنە و جوانی تەبایی و لێبوردەییە لەسەر ئاستی ناوچەکە و هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستانیان لە پاراستنی مەسیحییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆیان بەرز نرخاند.