هەولێر ... ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکار " قەرەنی جەمیل " بەڕێوەچوو
هەولێر ...
ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکار " قەرەنی جەمیل " بەڕێوەچوو
ئێوارەی چوارشەممە 2026.6.17، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری، ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەندی شێوەکاری ناوداری کورد (قەرەنی جەمیل)، لە هۆڵی پێشەوا بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕێکخرابوو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای دەست خۆشی لە سەرپەرشتیارانی، تیشکی خستە سەر پێگە و ڕۆڵی گرنگی هونەرمەند لە دەوڵەمەندکردنی بزووتنەوەی شێوەکاریی کوردی و جیهانی و ئاماژەی بەوەدا، قەرەنی جەمیل تەنها شێوەکارێک نەبوو، بەڵکو قوتابخانەیەکی هونەریی سەربەخۆ بوو کە ناسنامەی ڕەسەنی کوردی تێکەڵ بە مۆدێرنیزم و تەکنیکە جیهانییەکان کرد و لە ڕێگەی تابلۆکانی توانی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و جوانییەکانی سروشت و فۆلکلۆری کوردستان بە زمانی ڕەنگەکان بە جیهان بناسێنێت.
جێگەی باسە، هونەرمەندی دیار و ناوداری كورد "قەرەنی جەمیل"لە ساڵی 1954 لە شاری هەولێر لەدایك بووە، دەرچووی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا بوو لە ساڵی (1977)، دەرچووی کۆرسی لیتۆگرافی لە ئیسپانیا ساڵی (1984)، پاش چەندین ساڵ کارکردنی هونەری لە ئیتاڵیا (فلۆرانس) و ئیسپانیا (بەرشلۆنە)، لە ساڵی 2003 بەیەکجاری گەڕایەوە هەولێر و بەشداریی زیاتر لە 30 بۆ 40 پێشانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووە لەوانە لە ( برۆکسل، کۆپنهاگن، ڤالێنسیا و پۆڵۆنیا ) و لە ڕۆژی 3ـی حوزەیرانی 2025 بەهۆی نەخۆشییەوە لەشاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.