پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات
پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.6.18، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، پێشوازی لە عەتوان ئەلعەتوانی، پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.
لەكۆبوونەوەیەکەدا، لەنێوان هەردوولا كە سەفین یاسین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، قائیمقامی ناوەندی هەولێر، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەبەرهێنان، شارەوانیەکان، گەشت و گوزار، ڕۆشنبیری بەشداربوون، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە نیشاندا و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە خواستی پارێزگای هەولێر، پتەکردنی بەردەوامی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەموو شارەکانی عێراق، بەتایبەت بەغدای پایتەخت، ئومێدشی خواست کە ئەم پەیوەندییەکانی نێوانیان شۆڕببنەوە بۆ ئاستی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، تاوەکو هەمووان بەیەکەوە هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.
پاشان پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە سەرجەم پارێزگارەکانی عێراق، کە بە فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا لە شاری هەولێری پایتەخت بەڕێوەبچێت و ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم کۆنفرانسەش بریتین لە یەکخستنی هەوڵەکان و داڕشتنی ستراتیژی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان و سوودوەرگرتن لە سەرکەوتنە ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی یەکتر و بڕیاریش وایە خولی دووەمی ئەم کۆنفرانسە نیشتمانییە لە شاری بەغدا سازبکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستی پاڵپشتی یەکسانی حکومەتی فیدراڵ بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ئەوەی حکومەتی ناوەندی عێراقی فیدراڵ بە شێوازێکی دادپەروەرانە و یەکسان پاڵپشتی دارایی و لۆجستی پێشکەشی پڕۆژەکانی هەموو پارێزگاکان بکات، بە ئامانجی چەسپاندنی گەشەپێدانی گشتگیر لە تەواوی وڵاتدا.
لە تەوەرێكی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی چڕ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و بەغدا کرا، بەتایبەت لە بوارەکانی ڕۆشنبیری، هونەر، کولتوور و گەشتوگوزاردا، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی چالاکی هاوبەش و گۆڕینەوەی شاندە ئەدەبی و هونەرییەکان بە ئامانجی نزیککردنەوەی زیاتری لایەنە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان، هاوکات داڕشتنی میکانیزمێكیی هاوبەش بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخان لە شاری هەولێر، وەک نموونەیەکی گەشەسەندوو و پێشکەوتوو و سەقامگیر لە ناوچەکەدا، لەو چوارچێوەیەشدا، جەخت لەسەر گرنگی گواستنەوەی ئەم ئەزموونە تاقیکراوەیە بۆ پایتەختی عێراق (بەغدا) کرایەوە، لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتی کارا و هاوبەش بۆ وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت، هاندانی گەشەی ئابووری، و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی پارێزگاكە.
لەكۆتایشدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، پارێزگارانی هەولێر و بەغدا سەرکەوتنی دیدارە باڵاکانیان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بەرز نرخاند و جەختیان لەسەر دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوکاریی ستراتیژی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونە سەرکەوتووەکان کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار، و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ژێرخان.
ڕاشیانگەیاند، کە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە لە ئایندیەکی نزیکدا شاری هەولێر میوانداری کۆنفرانسێکی نیشتمانیی بەرفراوان بۆ سەرجەم پارێزگارانی عێراق بکات، کە ئەمەش وەک هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت بۆ یەکخستنی هەوڵە کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکان و جەختیش لەوەكرایەوە كە سەردانەكەی پارێزگاری بەغدا و شاندی یاوەری بۆ هەولێر، تەنها هەنگاوێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو ئاسۆی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی نێوان هەردوو پارێزگاکەیە، کە لە داهاتوودا بە تەواوی فراوانتر دەبێت و دەبێتە پردێکی بەهێز بۆ سەقامگیری زیاتری ناوچەکە.