تهق تهق
تهق تهق
ناحیەی تەق تەق سەر بە قەزای کۆیەیە و لە 22 گوند پێکهاتوە ژمارەی دانیشتوان 24254 کەسن
یەكەم ناحیەی قەزای كۆیەیە, بەدووری (23) كیلۆمەتر لەباشوری قەزاكە لە كەناری لای ڕاستی (زێی بچووك) هەڵكەوتووە كە وەك دیاردەیەكی سروشتی لە ناحیەی (شوان) و ناحیەی (ئاغجەلەر) ی قەزای چەمچەماڵی جیادەكاتەوە, لەوپەڕی باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێرە, بەدووری (58) كیلۆمەتر, لەباكوریدا ناحیەی (ناوەند) ی قەزای كۆیەو لەخۆرهەڵاتی ناحیەی (ئاشتی) و لەخۆرئاوای ناحیەی (سێگردكان) و لەباكوری خۆرئاوایی ناحیەی (شۆڕش) سنوری داوە, تەق تەق خاڵی بەیەكگەیاندنی هەرسێ پاریًزگای كەركوك و هەولێرو سلێمانی یە .
(37) فەرمانگەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری و كارگێری و (17) قوتابخانەو خوێندنگەی بنەڕەتی و ئامادەیی و باخچەی ساوایانی تێدایە, لە گرینگترین فەرمانگەكانی (بەڕێوەبەرایەتی ناحیەو سەرۆكایەتی شارەوانی و فەرمانگەی ئاوو دابەشكردنی كارەباو خانەی دادو دادنوس و بانك و تێبینەرایەتی تۆماركردنی خانوبەرەو نەخۆشخانەی تایپ ئەی (50) قەڕەوێڵەیی و ...تاد ) .
تێكرایی سنوری ناحیەكە لەمڕۆدا (474) كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو (22) گوندی بەسەرەوەیە .
ناوی تەق تەق لەچیەوە هاتووە ؟
دوو بیرو بۆچوونی سەرەكی لەسەر ناوی تەق تەق هەیە :
یەكەم: دانیشتوانی ڕەسەنی شارۆچكەكە دەڵێن لە (تاك تاك) ماڵەوە هاتووە، واتە تاق تاق لێرەو لەوێ هاتوون و نیشتەجێبوون .
دووەم: بیروڕای دووەم پێی وایە تەق تەق ناوێكی سروشتییەو پەیوەستە بەخاك-ی ناوچەكە كە زەویەكی بن بەردو ڕەقە، و ووشەی تەق تەق لەزمانی كوردی واتە (زەوی بەردینە) هەریەك لە(جەمال بابان) لەكتێبی (ناوی شارەكانی عێراق) و (ئاراس ئیلنجاغی) لەكتێبی (تەق تەق، پەلكەزێرینەی كەنار زێی بچووك) پەسندی ئەم بیروبۆچوونەیان كردووە .
مێژووی تەق تەق و یەكەكارگێریییەكەی :
مێژووی شارۆچكەی تەق تەق وەك ئاوایی و ئاوەدانی مێژووەكی كۆنی هەیەو بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم (1600) زایینی دەگەڕێتەوە, چونكە تەق تەقی ئەمڕۆ بەسێ قۆناغی جیاجیاوە تێپەڕی كردووە, یەكەم قۆناغی لە گوندی (كوچك نەخشینەوە)ەوە بووە, دووەم قۆناغی لە گوندی (كەڵەكچن)ەو ئینجا سێیەم قۆناغی (تەقتەق)ی ئەمڕۆیەو سەرچاوە لەو ڕووەوە كەم بەدەست دەكەوێت تەنها گۆتەو گێڕانەوەی پشتاو پشتە .
سەبارەت بەمێژوی یەكەی كارگێری لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم (1850-1900), فەرمانگەی (ڕێژە)ی كۆكردنەوەی باج و سەرانەی عوسمانیەكان و بنكەی جەندرمەو زەفتیەی لێبووە, چونكە لە كۆنەوە ناوچەیەكی ترانزێت بووە بۆ بەرووبومەكانی پشدەرو بیتوێن و كۆیەو هەولێر لە ڕێگەی ئاوی زێی بچووكەوە بۆ كەركوك و بەغداد گوازراونەتەوە لەڕێگەی دوبەو قەیاغەوە, دوای هاتنی ئینگلیز ساڵی (1918) بایەخی (تەقتەق) لە ڕووی كارگێرییەوە زیادیكردووە بە تایبەت دوای ڕاپۆرتە كارگێریەكانی ناوچەكانی كەركوك لە نێوان ساڵانی (1918-1919) كە لەلایەن یارمەتیدەرانی ئەفسەرە سیاسیەكانەوە كە بەحاكمی مەدەنی ناسرابوون, پێشكەش دەكران, (كاپیتان های) حاكمی مەدەنی هەولێر لە (15-12-1918) گەیشتۆتە كۆیەو (حەماغای گەورەی غەفوری) كردووە بە قایمقامی كۆیەو (عەبدوڵا ئاغای حەوێزی) كردووە بە بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق .
تاوەكو (2-10-1986) وەك یەكەی كارگێری بەڕێوەبەرایەتی ناحیە بووەو لەوبەروارە بە بڕیارێكی سیاسی پارێزگای هەولێر كراوەتەوە بە گوند بەناوی (گوندی عەزیزەیە), تا دوای ڕاپەررینی (1991) و دامەزراندنی حكومەتی هەرێم هەر بە گوندێكی ئیداری مایەوە تا بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی ژمارە (1/1/3/415) ی (20-6-1995) كرایەوە بە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەو (كاكەخان نەسرەدین ئەمین) بووە یەكەم بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەقی حكومەتی هەرێم .
هەڵكەوتەی جوگرافیای تەقتەق :
1_ شوێنی گەردونی و ئاوو هەوای تەقتەق :
دەكەوێتە نێوان بازنەی پانی (35-36) پلەی باكوری نیوە گۆی زەوی و نێو هێڵی درێژی (44-45) ڕۆژهەڵاتی زەوی, هەرچەندە بەشێكە لە تێكرای ئاووهەوای هەرێمی دەریای ناوەڕاستە, بەڵام ئەو شوێنە گەردونیەی تەقتەق لە هەرێمی كوردستاندا ئاوو هەوایەكی ڕاگوێزراوی نێوان گەرمێن و كوێستانی پێبەخشیووە, لە ناوچەی بارانی نیمچە مسۆگەردایەو باران بارینی ساڵانەی لە نێوان (200-500) ملم دایە, هاوینی گەرم و ووشكەو زستانیشی فێنك و باراناوییە .
2_ تۆبۆگرافیای تەقتەق :
پێكهاتەی ڕووی تەقتەق كەوتۆتە ناوچەی زورگانەوە, 60% ی رووبەرەكەی گردۆلكەو زورگانەو 38% دەشتی زێكردی كەناریەو 2% شاخاوییە, سنوری ناحیەكە بە هێڵی كانتۆری بەرزییەكەی (350-750) مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزەو بەرزترین لوتكە چیای (تەكەڵتو)ە كە (810) مەتر بەرزەو دواتر چیای (گۆرقەرەج)ی زێدی گەورە شاعیری كورد (حاجی قادری كۆیی)یە بەدووری (3) كیلۆمەتر لەخۆرئاوای تەقتەق بەبەرزی (710)مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە, هەروەها هەردوو بانۆكەی (تاڵەبانی گەورەو ئیلنجاغی گەورە) لەباكوری خۆرئاوای (تەقتەق)ە كە بەرزیان لە نێوان (400 -500)مەترە لە ڕووی دەریاوە بە هەزاران دۆنمی دێمەكاری پشتاودەبن و وە لەباكوری خۆرئاوادا هەردوو ڕووبارۆچكەی وەرزی (كۆیە) و (داربەسەر)ی پێدا گوزەر دەكات و لەنێوانی گوندی (ئۆمەر گومەت) دەڕژێنە زێی بچووكەوە, جگە لە گوزەركردنی زێی بچووك لە باشوریداو بەهۆشیەوە هەزاران دۆنمی دەشتی زێكردی دروستكردووە كەسەرچاوەی كشتیاری و بژێوی دانیشتوانی سنورەكەیە .
باری ئابوری تەقتەق :
بەگوێرەی ئامارێكی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوی یونسێف لەمایسی (2001)ز ژمارەی دانیشتوانی شارۆچكەی تەقتەق و گوندەكانی دەوروبەری (24254) كەس بوو, بەداخەوە ئامارێكی تازە لەسەر ئەو شارۆچكەیە نیە سەبارەت بە توانا مرۆڤیەكانی شارۆچكەكە لە ئێستادا, بەڵام لەبواری ئابوریەكانی تری وەك سامانی ئاژەڵی و بەروبوومی كشتوكاڵی نزیكەی (10) هەزار سەر مەڕو بزن و نزیكەی (3) هەزار ڕەشەوڵا خی تێدا بەخێودەكرێت و (74) حەوزی بەخێوكردنی ماسی و (34) پڕۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەری تێدایە, هەروەها لەكەرتە كشتوكالیەكاندا لەبەراوەكاندا ساڵانە زیاتر لە (1000) تۆن سەوزەواتی زستانەو هاوینەی وەك تەماتەو خەیارو كودی و بامیەو بیبەرو شوتی و كاڵەك ... بەرهەم دەهێنرێت, جگە لەبەرهەمهێنانی دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە زەوییە پشتاوەكانی سنوورەكە, هەروەها میوەكانی هەنارو هەنجیرو قەیسی و ترێ و مزرەمەنی لەسنورەكە ڕەزو باخیان هەیەو جگە لەدارستانە چێنراوەكانی بەشی ڕەزگەری و دارستانی هۆبەی كشتوكاڵی تەقتەق .
ڕووەكی سروشتی :
سەبارەت بە ڕووەكی سروشتی بەهۆی زێی بچووكەوە هەزاران دۆنمی كەناراوی بووە بەلێرەوارو بێشەلان و دارستانی چڕی داربی و پەرك و توتڕك و گەز, وە لەناوچەی زورگان و چیاكانی گۆڕقەرەج و تەكەڵتوو درەختیلەی وەك داربەلالوك و گێوژو مۆردوترش, هەروەها پوش و پەڵاش و پاوانی پاوانەكانی سنورەكە گرنگترین درەخت و پۆشاكی ڕووەكی سنورەكەن .
سامانە سروشتیەكانی تەقتەق :
ئەوەی تا ئێستا پەیپێ براوە بریتیە لەسامانی كانزای نەوت و گازی سروشتی و كەرەستەی خانوبەرەی غەسالەكانی كەنار زێی بچووك و ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی كە بنەمای سەرەكین بۆ پیشەسازی و گەشەكردنی لە داهاتودا .
باری كۆمەڵایەتی و ئاینی تەقتەق :
لەشارۆچكەی تەقتەق دانیشتوانەكەی هەمووی موسوڵمانن و لەسەر مەزهەبی ئیمامی شافعین و لە (6) گەڕەكی شارۆچكەكەدا (8) مزگەوتی تێدایە, لەساڵی (2001) ژمارەی دانیشتوانەكەی (24254) كەس بووەو ژمارەی نێر تەنها (4) كەس لەژمارەی مێ كەمتر بووە, ژمارەی نێر (12125) كەس بووەو ژمارەی مێ-ش (12129) كەس بووە, ژمارەی دانیشتوانی شاریش زۆرتر بووە لە گوندنیشینانی, چەقی تەقتەق (15001) كەس بووەو گوندنیشینانی (92553)كەس بووە .
پڕۆژە خزمەتگوزاریكانی تەقتەق :
لەگەڵ گەڕانەوەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی تەقتەق لەساڵی (1995) ەوە تا (2012) بەسەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر خزمەتگوزاری لەناحیەكە بونیاتنراوە, هەر لەماوەی نێوان ساڵانی (2000-2012) زیاتر لە (18) فەرمانگەی نوێ لەشارۆچكەكە كراوەتەوە وەك (تاپۆو بانك و دادگاو دارایی و گواستنەوەو كتێبخانەو چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەی ڕۆشنبیری مناڵان و هۆڵی سیمنارو كۆبونەوەو بنكەكانی پۆلیسی هاتوچۆو دارستان و بەرگری شارستانی و سەنتەری لاوان و ڕۆشنبیری و نەخۆشخانەی (50) قەرەوێڵەیی و ... تاد) . وەهەروەها لەبواری گەشتوگوزارەوە گازینۆی گەشتیاری تەقتەق و كۆڕنیشی كەنار زێی بچووك, وە لەبواری دابەشكردنی كارەبا وێستگەیەكی (11/33) كەی ڤی (32) مێگاواتی تێدا دروستكراوە . (9) قوتابخانەی بنەڕەتی و (3) ئامادەیی و (2) خوێندنگەی ئێواران و (2) باخچەی ساوایانی تێدایە و لە ساڵی خوێندنی (2011-2012) نزیكەی (7) هەزار قوتابی و خوێندكارو ساوای تێدا بووە .