کونسڵی تورکیا لەهەولێر، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.8.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە هاکان کەراچای، کونسڵی گشتیی تورکیا لەهەولێر کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، کونسڵى تورکیا، ئاماژەى بە مەبەستى سەردانەکەیدا کە ماڵئاوایی و کۆتایهێنانە بەکارەکانی وەکو کونسڵی وڵاتەکەى لە هەولێر و لەشوێنی ئەودا حکومەتی وڵاتەکەی کونسوڵی تازەى دەستنیشانکردووە، هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێر و ئیدارەی پارێزگاى هەولێری کرد بۆ هەموو ئەو هەماهەنگی و هاوکاری و ئاسانکارییانەی کە لەماوەی ساڵانى رابردووى کارکردنیدا پێشکەشیان کراوە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری هەولێر، وێڕاى بەرز نرخاندنى کارەکانى بەڕێزیان بەتایبەتى لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتى تورکیا، جەختى لەپتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کردەوە، هەروەها سوپاسى کونسڵ و ستافى کونسڵخانەى تورکیاى لەهەولێریش کرد کە جگە لەئاسانکارى پێدانى ڤیزا بەهاوڵاتیان، بۆ هەرکێشەیەک و گرفتێک کە ئەگەر هاوڵاتییانى هەولێرى پایتەخت و هەرێمى کوردستان لەتورکیا هەیانبوبێت، بەڕێزیان بەردەوام لەگەڵ پارێزگا بۆ چارەسەرکردنیان لەسەر هێڵ بووە.
لەکۆتایدا، پارێزگارى هەولێر، هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست لەکارى داهاتووى و دڵنیاییکردەوە کە لەداهاتووشدا لەگەڵ کونسڵى نوێ وڵاتەکەیان هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیان دەبێت.