حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی چاكسازییەكانی خۆیدا، لە پێناو بەفیڕۆنەچوونی پارە و كاتی هاووڵاتییان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان بە ئەلیكترۆنی دەكات و نرخی تۆماركردنیش كەم دەكاتەوە. پێشبینییش دەكرێت ئەو ئاسانكارییە لە هەریمی كوردستان، ببێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.
بڵند محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، لە ساڵانی پێشوودا تۆمارکردنی ناوی بازرگانی تێچوویەکی زۆری هەبووە و لە ٥٠٠ هەزار تا سەرووی ملیۆنێک دیناری تێدەچوو. هەروەها بۆ وەرگرتنی ناوی بازرگانی، پێویستی بە ڕۆتینێکی زۆر هەبوو؛ وەكوو سەردانی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان یان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، ئەوەش دەبووە هۆی ماندووکردنی هاووڵاتییان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات.
بڵند محەممەد گوتی: " وەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پەیڕەوێکمان ئامادەكرد کە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا، ئەو چاکسازییانە و ئەو ئاسانکارییانەی بەو هۆیەوە كران بریتین لە:

یەکەم: پێدانی هەر ناوێکی بازرگانی بە 50 هەزار دینار، كە پێشتر لە 500 هەزار تا سەروو ملیۆنێك دینار بوو.

دووەم: کەمکردنەوەی ڕۆتین وگەڕاندنەوەی كات، چونكە مامەڵە تەنیا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانەوە دەكرێت و لە ماوەی یەک ڕۆژدا ناوی بازرگانی تۆماردەكرێت.

سێیەم: ئەگەر ناوی كۆمپانیا، هەر ناوێك یان ژمارە بێت، گەر ماناداریش نەبێ، بە مەرجێک پێچەوانەی نیزامی گشتی و ئادابی گشتیی هەرێمی کوردستان نەبێ، ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئاسانکاری و وا دەکات کە ناوی بازرگانی بە ئاسانی بەدەستبێت و بە ئاسانییش پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیا ئەنجام بدرێ."

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تا ئێستا ٣١ هەزار و 921 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، 28 هەزار و 579 کۆمپانیایان ناوخۆیین و 3 هەزار و 342 کۆمپانیاش لقی کۆمپانیای بیانین. لە ساڵی 2022دا هەزار و 79 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. پێشبینی دەکەین دوای ئەو ئاسانکارییانەی ئێمە كردوومانن، ڕێژەکە دوو بەرانبەر بەرزبێتەوە، لەبەرئەوەی کۆمپانیا بە ئاسانترین شێوە و بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو تۆمار دەکرێت".

سەبارەت بە چاكسازییەكانی ئەو بوارەش دەڵێت "پارساڵ ئەو چاکسازییە سەرەتاییانەی ئێمە کردبوومان، بووە هۆی تۆمارکردنی ژمارەیەکی بەرچاوی کۆمپانیاکان لە چاو ساڵانی پێشوو، بۆنموونە پارساڵ نزیکەی 2 هەزار و 300 کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان دامەزراون و ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیاش پاکتاو کراون، ئەگەر سەرجەمیان بەراورد بکەین، ئاسانکارییەکان لەمساڵەوە بەدیاردەکەون".
لەسەر بنەمای شۆڕكردنەوەی دەسەڵات، پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی بە شاری دهۆک، سلێمانی و هەولێر دراوە. ئەمەش وادەکات پێویست نەکات هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بکەن، بەڵكو لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیا و ناوی بازرگانیی شارەکان ئەم خزمەتە بەدەستبهێنن.
شایانی باسە، ڕۆژی دووشەممە، 9ی کانوونی دووەمی 2023، پڕۆسەی پێدانی ناوی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان دەستیپێكردووە.