هەولێر .... خولی هەشتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ دەستى بە کارەکانى کرد
هەولێر ....
خولی هەشتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ دەستى بە کارەکانى کرد
ئێوارەی یەکشەممە 2025.4.20، بە ئامادەبوونى پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئاریان صلاح الدین، بریکارى وەزارەتى ڕۆشنبیر و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و نەقیبی سەندیکای هونەرمەندان و بەرپرسی ڕێکخراوە پیشەییەکان و ژمارەیەکى زۆر لە هونەرمەند و ئەستێرەی بە ناوبانگی سینەما، شانۆ و هونەرمەندانی عەرەب، کورد، عێراقی و بیانی، لە هۆڵی رۆشنبیریی هەولێرى پایتەخت، خولی هەشتەمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆ بە بەشدارى 10 گرووپی شانۆ لە وڵاتانی ( تونس، لیبیا، میسر، ئێران، تورکیا و شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ) دەستى پێکرد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێرەوە ڕێکخراوە.
لە ڕێورەسمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێکدا، وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی فیستیڤاڵ و بەشداربووانی، دەستخۆشی لە ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا ئەوڕۆ دڵخۆشین دوای چەندساڵێک بە هۆی گرفتی دارایی دووبارە لە هەولێری پایتەخت فیستیڤاڵی شانۆ دەست پێدەکاتەوە، ئومێدیشی خواست ئەم فیستیڤاڵە ببێتە هۆ و هۆکاری بەرەوپێشچوونی زیاتری هونەر لە کوردستان بەگشتیی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی و زێتر ئاشناکردنی هونەرمەندانی ناوخۆ و وڵاتانی دیکە بەیەکەوە.
پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستەسەر 103 ساڵەی مێژوویی شانۆی شاری هەولێر و بە شانازیی و گرنگیەوە باسی لەو مێژووە پڕ سەروەرییە کرد و جەحتی لەوەشکردەوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە داراییەی هەبووە بەڵام هەمیشە لەهەولێر پاڵپشت و هاوکار و هەماهەنگی هونەرمەندان بووینە.
جێگەى باسە، فیستیڤاڵەکە بۆ ماوهی ههفتهیهك بهردهوام دهبێت، رۆژانە له دوو كاتی جیاواز دوو شانۆگەرى نمایش دەکرێت و لەلایەن لیژنەیەکی شارەزاوە هەڵسەنگاندن بۆ شانۆگەریی گروپەکان دەکرێت، جگە لە نمایشکردن و هەڵسەنگاندنی شانۆکان، کۆمەڵێک چالاکیی دیکەش وەکو بەڕێوەچوونی سیمینار و دانیشتنی رەخنەیی لە فیستیڤاڵەکەدا رێکدەخرێن.