هەولێر ... لە گڵۆباڵ سیتی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی تێكەڵاو كرایەوە
هەولێر ...
لە گڵۆباڵ سیتی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی تێكەڵاو كرایەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.29، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەسعود کارەش جێگری پارێزگاری هەولێر و لوقمان سەعید، بەرێوەبەری گشتیی پەروەردە و سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە و ژمارەیەكی تر لە مامۆستایان و پەروەردەكاران، لەڕێورەسمێكدا، قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی تێكەڵاو لە گڵۆباڵ سیتی کرایەوە، كە بەگوژمەی ( 1 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار ) لە سەر ئەركی وەبەرهێنەری پڕۆژەكە لە سەر ڕووبەری 2500 مەتر دروستكراوە.
دوای کردنەوەی قوتابخانهكه و بەسەركردنەوەی یەکە یەکە ژوور و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیان و بەشەکانی تری قوتابخانەکە، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەكە و دانیشوانی گڵۆباڵ سیتی بەبۆنەی کردنەوەی قوتابخانەکە، دەستخۆشی لە وەبەرهێنەری پڕۆژەكە كرد بۆ گرتنە ئەستۆی دروستكردنی قوتابخانەكە.
ئاماژەی بەوەشدا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، گرنگیەكی زۆر و تایبەت بەكەرتی پەروەردە و فێركردن دراوە و چەندین قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستكراون و نۆژەنكراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم قوتابخانەیەش بەشێکی گرنگ دەبێت لە پێشکەشکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و خزمەتکردنی ئەو ئازیزانەی تێیدا دەخوێنن، ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بەشانازییەوە لەخزمەتیان دادەبین.