هەولێر ... ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ بەڕێوەچوو

هەولێر ... ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ  بەڕێوەچوو

هەولێر ...
ڕۆژی جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانی هاتووچۆ بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.11.17، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و لیوا دیدار عومەر، بەڕیوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێم و ژماەیەکی زۆر لە بەێوەبەرانى گشتیی هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری شارستانی و ئەفسەر و پلەداران و هاوڵاتییان و قوتابیان، لە بەردەم پاركی شاندەر لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هاتووچۆى هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوندی تۆتاڵ بۆ پەرەپێدان و هەڵسەنگاندنی هاتووچۆ، بەبۆنەى ڕۆژى جیهانی یادكردنەوەی قوربانیانى ڕووداوى هاتووچۆ، ڕێورەسمێکى سازکرد و ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

تێیدا وێڕای پێشکەشکردنی چەندین چالاکی جۆراوجۆری تایبەت بەم ڕۆژە، ئاماژە بەوەدرا، کە بەداخەوە ڕۆژانە دەبینین کەسانێکى زۆر لە شۆفێران و هاوڵاتییان دەبنە قوربانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و بەشێکیان گیان لەدەستدەدەن و بەشێکى تریشیان کەم ئەندام دەبن و دووچارى زەرەر و زیانى مادیی زۆر دەبن، ئەوەش ئەوە دەردەخات، کە قوربانیانى ڕووداوەکانى هاتووچۆ هیچیان کەمتر نییە لە جەنگەکان کە لەئاکامیدا هاوڵاتییان گیان دەسپێرن و دەبنە قوربانى، هەروەها جەخت لە ڕێنمایی و ڕێنیشاندەرى شۆڤێران کرایەوە بۆ بەجێگەیاندنى یاسا و ڕێکارەکانى هاتووچۆ.

پاشان لەلاین پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێم، تاجە گوڵینە بۆ قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ دانرا و خەڵات و ڕێزلێنان پێشکەش بە ژمارەیەک ئەفسەر و پلەدار کرا، کە ڕۆڵی دیار و بەرچایان هەبووە لە بەجێگەیاندنی ئەرک و کارەکانیان.

جێگه‌ى باسه‌، ڕۆژی جیهانی قوربانیانی هاتووچۆ، لە ساڵی 2004 لە نەتەوەیەکگرتووەکان بە جیهانی کرا، کە تێیدا (سێیەم یەک شەممەی مانگی 11)ی هەموو ساڵێک دیاری کراوە بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە، لەو ڕۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت و هۆشیاری و ئاگاداری و هەوڵی جۆراوجۆر دەدرێت بۆ ڕێگری کردن لە زیادبوونی کارەساتەکانی ڕووداوی هاتووچۆ و کەمکردنەوەی قوربانییەکان.