هەولێر.. وەستان بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە
هەولێر..
وەستان بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە
ئەمرۆ دووشەممە 2026.3.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و قائیمقامی ناوەندی و بەرێوەبەرانى گشتیی و بەڕێوەبەرانی هێزە ئەمنیەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و یەکە كارگێڕی و ئیدارییەکانى شارى هەولێر و جەماوەری شارەكە، لە ڕێورەسمێکی شکۆداردا، لە باخی شار و دامێنی قەڵات، یادی کارەساتی ( 38 )مین ساڵەی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە بە ( 5 ) دەقیقە وەستان بەبێ دەنگی بەرز ڕاگیرا.
لە رێورەسمەكەدا، تەواوی هاتوچۆ و جموجۆڵ بۆ ماوەی ( 5 ) دەقیقە لە چەقی شار ڕاگیرا وەک نیشانەیەک بۆ هاوخەمی خەڵکی هەولێر لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان و ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجەی سیمبوولی ستەم لێکراوی و قوربانیدانی بێسنووری گەلی کوردستان لە پێناو ئازادی.
جێگەی باسە، ئەم یادە ساڵانە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی جیهان کارەساتی گەلی کورد و قوربانییانی چەکی کیمیایی لە یاد نەکات.