لە هەولێر ... "پێنج هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتى ئیمارات دەکرێت"
لە هەولێر ...
"پێنج هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی وڵاتى ئیمارات دەکرێت"
ئێوارەی دووشەممە 2024.7.22، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و سەوەر کەمال، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی و نوێنەری کونسڵخانەی ئیمارات لە هەولێر و بەڕێوەبەرانی گشتیی بازرگانی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان و ژمارەیەکی دیکە لە پیاوانی کار و جوتیاران، لە چوارچێوەی بایەخپێدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ و بە بازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران و پشتگیریکردنى بەردەوامیان، لە ڕێورەسمێکى تایبەتدا لە ژوورى بازرگانى و پیشەسازى، بەپێى ڕێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیای "ئاورا"ـی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیی "نجوم سەفوانی" ئیماراتی، بۆ ساڵی دووەم لە سەر یەک، دەستکرا بە هەناردەکردنى (5 هەزار) تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتى ئیمارات.
لە ڕێورەسمی واژووکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو کۆمپانیا، پارێزگاری هەولێر، وێڕایی دەستخۆشی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بۆ ڕێکخستنی ڕێورەسمەکە، تیشکی خستەسەر ئەوەی ئەوکارە هەنگاوێکی دیکەی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران کە ئامانجی کابینەی نۆیەمە بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی و گوتیشی: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی کاریدا پەرەی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆیی جوتیاران داوە، ئەوەش بەئامانجی بە هێزکردنی ئابووری کوردستان و هەمەچەشنکردنی سەرچاووەی داهات".
پاشان، ڕێککەوتنامەی نێوان هەردوو کۆمپانیایی (ئەوراـی هەرێمی کوردستان) و کۆمپانیایی (نجوم سەفوانـی ئیماراتی) واژوو کرا، کە ئەمڕۆ بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، وەک قۆناغى یەکەم، چوار کۆنتێنەر پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی 100 تۆن دەبێت ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات کرا و پرۆسەی هەناردەکردنیش لە ماوەی 15 بۆ 20 ڕۆژ بەردەوام دەبێت تاکو هەر پێنج هەزار تۆنەکە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
جێگەى باسە، ساڵانە لە سەر ڕووبەری 86,453 دۆنم زەوی، زیاتر لە 800 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردووشدا، ئاستی بەرهەمهێنانى پەتاتە لە %900 زیادی کردووە، بە گوێرەی ئامارەکان لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران ڕێزدار مەسرور بارزانی و بەهۆی پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.8%ـەوە بۆ زیاتر لە 9%ـی کۆی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە و ساڵی ڕابردووش بۆ جاری یەکەم زیاتر لە (13) هەزار تۆن پەتاتەی خۆماڵیی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی ئیمارات و سعوودییە کرا و لە پلانیشدایە بۆ ئەمساڵ پتر لە 25 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران ڕەوانەی وڵاتانی کەنداو بکرێت.