هەولێر... لەسالیادی كۆچڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991، یادی هونەرمەندێکی شەهید لە سەنگەری بەرگریدا كرایەوە
هەولێر...
لەسالیادی كۆچڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991، یادی هونەرمەندێکی شەهید لە سەنگەری بەرگریدا كرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە2026.3.31، لە مەراسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەسالیادی كۆچڕەوە مەزنەكەی بەهاری 1991، کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کورد بە هەماهەنگی پارێزگای هەولێر لە گۆڕستانى شێخ ئەحمەد لە سەر گۆرەكەی یادی ( 35 ساڵەی ) شەهیدبوونی هونەرمەند "جەوهەر باپیر" کردەوە.
لە مەراسیمەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان و سەرۆکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی و ژمارەیەکی دیکە لە هونەرمەندان و خانەوادەکەی ئامادەی بوون، چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا لە سەر گۆڕی ئەم تێکۆشەرە دانرا و دوپاتکرایەوە کە ناوی " جەوهەر باپیر " وەک سیمبولی هونەرمەندی نیشتمانپەروەر لە یادەوەریی هەولێر و کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
جەوهەر باپیر کە لای خەڵکی کوردستان بە کارەکتەری (خدر لۆبیا فرۆش) ناسرابوو، تەنها ئەکتەرێک نەبوو، بەڵکو لە ساتە هەرە سەختەکانی مێژووی کورددا، سەنگەری خەباتی هەڵبژارد و لە ڕۆژی کۆڕەوە مەزنەكەی گەلی كوردستاندا لە 31ی ئاداری 1991، لە کاتێکدا ملیۆنان هاوڵاتی بەرەو سنوورەکان کۆڕەویان دەکرد، لە ناو شاری هەولێردا مایەوە و تا دوا چرکەکانی ژیانی دژی هێزەکانی ڕژێمی بەعس جەنگا، تا دواجار هەر لەو ڕۆژەدا و لە پێناو خاکەکەیدا شەهید بوو.
کاروانە هونەرییەکانی بە کورتی:
دەستپێکی کار: ساڵی 1978.
شانۆ: بەشداری لە 17 شانۆگەریدا کردووە.
تەلەفزیۆن: خاوەنی 9 بەرهەمی ناوازەیە، کە دیارترینیان "تاپۆ هەقی چییە"یە.