پارێزگاری هەولێر پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەسەردەکاتەوە و جەخت لە پاراستنی مافەکانیان دەکاتەوە
پارێزگاری هەولێر پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەسەردەکاتەوە و جەخت لە پاراستنی مافەکانیان دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.6.24، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری هێمن قادر جێگری پارێزگار، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، میران بەختیار بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، و هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی هەولێر، سەردانی سایلۆی هەولێری کرد.
ئەم سەردانە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران و دڵنیابوونەوە لە پێشکەشکردنی سەرجەم ئاسانکارییەکان ئەنجامدرا.
لە کاتی بەسەرکردنەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ بڕی 188 هەزار تەن گەنم لە سنووری گوێڕ و دیبەگەیە و لە هەر سێ بنکەی سەرەکی (هەولێر، کۆیە، و قوشتەپە) گەنم لە جوتیارانی وەردەگیرێت، ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی ڕێژەی باشی بارانبارینی ئەمساڵەوە، بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە زۆر زیاتر و باشتر بووە و لەم ڕووەوە، کارکردنی سایلۆکان گۆڕانکاری ئەرێنی گەورەی بەسەردا هاتووە و کوالیتی خزمەتگوزارییەکان بەرزکراوەتەوە.
پارێزگاری هەولێر جەختی لەوەشکردەوە کە بەپێی ڕێنماییەکان، ڕێگە لە هەموو جۆرە سەرپێچی و تەجاوزاتێک گیراوە تاوەکو بە هیچ شێوەیەک مافی جوتیارانی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان نەفەوتێت، دەستخۆشی لە هێمن قادر، سەرۆکی لیژنەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە کرد بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە.
لە کۆتاییشدا، پارێزگاری هەولێر تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند کە رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی تایبەت و بێپێشینە بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات. حکومەت پلان و پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی لە هەگبەدایە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم کەرتە و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ هاوڵاتیان.