پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی ڕێكخراوی یونیسێف لە هەرێمی کوردستان دەكات
پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی ڕێكخراوی یونیسێف لە هەرێمی کوردستان دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.7.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە پیتا بانز، بەرپرسی نووسینگەی ڕێکخراوی یونیسێف (UNICEF) لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارەکەدا، چەندین پرۆژەی هاوبەش و پەرەپێدانی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان تاوتێکران و جەخت لەسەر بەردەوامی كاركردنی هاوبەش و پێداچوونەوە بە بەرنامە مرۆییەكانی ڕێكخراوەكە كرایەوە و تیشکخرایە سەر بارودۆخی ئاوارە و پەنابەرانی ناو کەمپەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و دووپات لە زیادکردنی هەماهەنگییەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری سێکتەرە مرۆیی و خزمەتگوزارییەکان كرایەوە.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای دەربڕینی پێزانینی بۆ کار و چالاکییە مرۆییەکانی یونیسێف، داوای کرد کە ڕێکخراوەکە ئاستی هاریکاری و هاوکارییەکانی لەگەڵ پارێزگای هەولێر زیاتر بکات، و ئامادەیی تەواوی دامەزراوەکانی پارێزگاشی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکاری و پاڵپشتییەک بۆ سەرخستنی كار و پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکە.
لای خۆیەوە، بەرپرسی ئۆفیسی یونیسێف لە هەرێمی کوردستان، ستایشی هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامی پارێزگای هەولێری کرد لە سەرخستنی کارەکانیاندا. دووپاتی کردەوە کە ڕێکخراوەکەیان بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان و هەوڵ دەدەن قەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ ناو کەمپەکان و ناوچە جیاجیاکانی هەولێر فراوانتر بکەن.