پارێزگاری هەولێر سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی چینی کردو جەخت لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان کرایەوە
پارێزگاری هەولێر سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی چینی کردو جەخت لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان کرایەوە
ئەمرۆ دووشەممە 21.9.2026 پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو، بەیاوەری گەیلان حاجی سەعید, سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و مەعروف عەزیز خان جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی، لە چوارچێوەی بەردەوامکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان هەولێر و کۆماری میللیی چین، سەردانی کونسوڵخانەی گشتیی چینی لە هەولێر کرد و لەگەڵ کونسوڵی چین گفتوگۆی لەسەر چەندین بابەتی هاوبەش و گرنگ کرد.
لە دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر گرنگی بەردەوامبوونی پەیوەندییە دۆستانە و پەرەپێدانی هەماهەنگییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و چین دا و جەختی لەسەر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە کردەوە.
یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ، میکانیزمی وەرگرتنی ڤیزا بۆ بازرگانان و گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بوو. هەردوو لا لەسەر ئەوە گفتوگۆیان کرد کە پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بە شێوەیەکی ڕوون، ئاسان و گونجاو بۆ هاوڵاتیان بەڕێوە بچێت و لە هەمان کاتدا، پابەندی ڕێکار و یاسا پەسەندکراوەکان بێت.
لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و چین و هەلەکانی پەرەپێدان و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری کرا؛ بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی، وەبەرهێنان، تەکنۆلۆژیا و کەلتوور.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا گرنگییان بە بەهێزکردنی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری نێوان هەولێر و لایەنی چینی دا و ئامادەیی خۆیان بۆ بەردەوامکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەروەها دروستکردنی دەرفەتی نوێی هاوکاری دووپات کردەوە.