بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەى ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ ئەنجامدرا
بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لیژنەى ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ ئەنجامدرا
ئەمشەو دووشەممە 2026.9.28، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی لیژنە، کۆبوونەوەی لیژنەی ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی هاتووچۆ لە دیوانی پارێزگا، بەڕێوەچوو، کە تێیدا پلان و ستراتیژی نوێ بۆ رێکخستنەوەو باشترکردنی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان و بەرزکردنەوەی کوالێتی شەقامەکان و کەمکردنەوەی لۆدی هاتووچۆ لە هەولێری پایتەخت تاوتوێ کرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ ئاستی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوو، گفتوگۆی چڕ لەبارەی پەرەپێدان و باشترکردنی سیستەمی هاتووچۆی ناو شاری هەولێر کرا و جەخت لەسەر پێویستی خێراکردنی کارەکانی ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەی شەقام و شۆستەکانی ناوشار و ئەو شوێنانە کرایەوە کە پێویستیان بە چاککردن هەیە.
لەتەوەرێکی دیكەی کۆبوونەوەکەدا كە تایبەت بوو بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەو شەقام و ڕێڕەوە سەرەکییانەی کە لە چەند ناوچەیەکی شاری هەولێر بەهۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانەوە دووچاری قەرەباڵغی و خنکانی هاتووچۆ دەبنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش و بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوانیان، بەپەلە چارەسەری کرداری و گونجاو بۆ سوککردنی لۆدی سەر ئەو شەقامانە بدۆزنەوە و جێبەجێی بکەن.
پاشان لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێرو سەرۆکی شارەوانی هەولێرو بەرێوەبەری گشتی رێگاوبان، کۆمەلێک تێبینی و پێشنیار خرانە ڕوو، هەروەها بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ڕێکخستنەوەو پەرەپێدان و باشترکردنی ڕەوشی هاتووچۆ لە شاری هەولێر، ژمارەیەک داوکارى و پێشنیار و بیرۆکە خرانە ڕوو، دواى گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنیان لەلایەن ئامادەبووانەوە، پارێزگاری هەولێر، سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر و ئەندازەی هاتووچۆی ڕاسپارد، کە بەدواداچوون و دیراسەتى ووردى ئەو داوکارى و پێشنیارانە بکرێت لەپێناو جێبەجێکردنیان .