پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی دووی پارتی، لە نێو جەماوەری هەولێردا پشتیوانییان لە یانەی هەولێر کرد
ئەمشەو چوارشەممە، 14.10.2026 لە کەشێکی پڕ لە شەوق و هەستی وەرزشی و پشتیوانیی جەماوەریدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شەقامی ئیسکان، شان بەشانی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەرانی یانەی هەولێر، لە ڕێگەی شاشەوە سەیری یاریی نێوان یانەی هەولێر و یانەی عەجمانی ئیماراتییان کرد.
یارییەکە کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی گەڕی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، بەڕێوەچوو، بە پێشبڕکێیەکی بەهێز و نواندنی ئاستێکی بەرزی هونەری لەلایەن یانەی هەولێر ەوە.
سەرەڕای ئەوەی ئەمە یەکەمین بەشداریی یانەی هەولێرە لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەڵام یاریزانەکانی بە ورە و توانایەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی یانەی عەجمانی خاوەن زەوی بوونەوە و لە گێمی یەکەمدا پێشکەوتنیان بەدەستهێنا. بەڵام لە گێمی دووەمدا، ئەنجامی یارییەکە گۆڕا و لە کۆتاییدا بە ئەنجامی ٥–٤ بە قازانجی یانەی عەجمانی ئیماراتی کۆتایی هات.
شایەنی باسە، کۆبوونەوەی جەماوەرێکی بەرچاو لە شەقامی ئیسکان و ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی دووی پارتی لە نێوان هاندەراندا، وێنەیەکی جوانی یەکڕیزی و پشتیوانیی جەماوەری بۆ یانەی هەولێر پیشاندا؛ ئەو یانەیەی بە یەکەمین بەشداریی خۆی لەم پاڵەوانێتییە هەرێمییەدا، هەنگاوێکی نوێی لە ئاستی پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەکان ناوە.