شەقڵاوە... لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە گوژمەی ( 9 ملیار دینار ) دەستبەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دەکرێت
شەقڵاوە...
لە سەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بە گوژمەی ( 9 ملیار دینار ) دەستبەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دەکرێت
لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی درا لە سەر دەستپێکردنی پڕۆژەی چاککردنەوەی تەواوی ڕێگای گردی زەیتونە و بە دووسایدی کردنی شەقامی سەر مەیدان لە سەنتەری قەزایی شەقڵاوە بە گوژمەی( 9 ملیار دینار ).
لەوبارەیەشەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.10.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بە پڕۆژەکە کۆبووە و تیشکی خستە سەر گرنگی پڕۆژەکە وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ڕێگاوبانەکان لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە.
هەروەها جەختی لە سەر تەواکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە، کە بڕیارە لەو نزیکانە بە شێوازێکی ئەندازەیی پێشکەوتوو و بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنیکی سەردەم، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی بەرزترین کوالێتی و ڕێگریکردن لە دووبارە تێکچوونەوەی ڕێگاکە لە داهاتوودا جێبەجێبکرێت.
جێگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژێرخانی ڕێگاوبانەکان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران.